وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە پەکەکە و پەیەدە وەک دوو رێکخراوی جیاواز دەبینین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاند پەکەکە و پەیەدە یەکن و هاوشێوەن

K24-هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارك تۆنەر رایگەیاند ئێمە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانیی دەروانینە پەکەکە و ئێمە هەموو توندوتیژییەک لە دژی هاوڵاتییانی تورکیا ئیدانە دەکەین، بەڵام ئێمە پەکەکە و پەیەدە وەک دوو رێکخراوی جیاواز دەبینین.

لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە تێیدا رایگەیاند: "پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد (پەیەدە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکن و هاوشێوەن و ئەمریکاش ئەمە باش دەزانێ"، مارك تۆنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "سیاسەتی ئێمە هەر هەمان سیاسەتی چەند مانگی پێشووە کە پەکەکە وەکوو رێکخراوێکی تیرۆریستیی دەبینین و سەرکۆنەی کارە تیرۆریستییەکانیان دەکەین لە دژی خەڵکی سڤیل و هاوڵاتییانی تورکیا".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "بەڵم لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ یەپەگە کارمان کردووە و لە چەند ناوچەیەکی سووریا هەروەک چۆن لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکەش کارمان کردووە کە بە شێوەیەکی چالاکانە شەڕی دژی داعش دەکەن، ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە ئێمە هەڵوێستی جیاوازمان لەگەڵ ئەو رێکخراوانە نییە، بە تایبەتی لە پرسی راگەیاندنی ئۆتۆنۆمیی و خۆبەڕێوەبەریی".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "ئێمە بۆچوونمان جیاوازە لەمبارەوە و بە راشکاوی گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون، بەڵام ئەوان و چەند گرووپێکی دیکە کاریگەرن لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئێمە وەکوو دوولایەنی جیاواز دایان بینین".

پێشتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مەسعوود بارزانیی له‌ هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپه‌ڕی (ئه‌لمۆنیته‌ر) باسی لە وادەی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کرد و له‌ باره‌ی راگه‌یاندنی سیستمی فیدڕاڵیی له‌ رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا رایگه‌یاند: "لەو باوەرەدام سیستمی فیدڕاڵیی بۆ دۆخی سووریا گونجاوە، بەڵام پێویستە زۆربەی سوورییەکان بە خۆیان لەسەرئەم پرسە پێکبێن و ئەو بڕیارە بدەن، ئێمەش کاتێک لە ساڵی 1992 فیدڕاڵیمان راگەیاند بە تەنها رامان نەگەیاند".

بارزانیی گوتیشی: "هەڵسوکەوتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لەسەر زەوی لەگەڵ دیموکراتیدا گونجاو نییە". بارزانیی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی بۆچوونی چڕکردنەوەی پەیوەندیی سەربازیی و سیاسیی لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) (باڵی سەربازیی پەیەدە) و ئەمریکییەکان، گوتی: "هەر پاڵپشتییەک بۆ پەیەدە بە واتای پاڵپشتییە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چونکە هەردووکیان بە راست یەکن و هاوشێوەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەمریکییەکانیش باوەڕیان بەوە هەیە؟، گوتی: "ئەوان باش دەزانن، بەڵام نایانەوێ بڵێن ئەوان باش دەزانن، تۆ دەزانی شەڕی دژی داعش بۆ ئێمە و ئەمریکا پێشینەیە، بۆیە ئەگەر هەیە ئەوان لەبەر ئەم هۆیە چاوپۆشیی دەکەن".

ئا: ئا ، ف