کۆسرەت رەسوول: بنەماڵەکردنی یەکێتیی قبووڵ ناکەین

"هێرۆ خان خۆی بە سەرۆکی یەکێتیی دەزانێ لە کاتێکدا مام جەلال هێشتا لە ژیاندایە و پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی بنەماڵەیە"

K24-هەولێر

جێگری یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوول رایگەیاند راستە کێشە لە نێو یەکێتیدا هەیە و ئێستا دوو را لە نێو یەکێتیدا هەیە رای هێرۆ خان کە دەڵێ بەرپرسی یەکێتییە و رای دووەمیش رای سەرکردەکانی دیکەیە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی یەکێتیی هی بنەماڵە نییە، بگرە هی هەموو ئەندامانێتی.

کۆسرەت رەسوول لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعوودیی راشیگەیاند کە: "ئەگەر کەسێک هەیە پێیوایە دەبێ یەکێتیی پارتێکی هۆزگەریی بێ ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە".

کۆسرەت رەسوول لە وەڵامی ئەوەی یەکێتیی بەردەوام رەخنەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرت، کە گوایە حزبێکی هۆزگەرییە و ئەمڕۆ بووەتە حزبی "بنەماڵە"، گوتی: "بە بنەماڵەکردنی یەکێتیی مایەی قبووڵکردن نییە لای ئێمە".

جێگری یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەشی کرد کە: "هێرۆ خان خۆی بە سەرۆکی یەکێتیی دەزانێ، چونکە هاوسەری مام جەلالە لە کاتێکدا مام جەلال هێشتا لە ژیاندا ماوە، ئێمەش رێز لە مێژووی (مام جەلال) دەگرین و پێمانوایە سیمبوولی یەکێتییە و کاتێک باش دەبێتەوە یەکێتیی بەڕێوەدەبات، بەڵام خێزانەکەی بوونی مام جەلالی قواستەوە و سەرکردەیەتی بە میراتی خۆی دەزانێ و هێرۆ خان ئەمڕۆ پرسە داراییەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە و مەکتەب سیاسیش بە پرسە سیاسییەکانەوە سەرقاڵە".

کۆسرەت رەسوول هاوکات دەڵێ: "ئێمە ناتوانین کۆنگرەی گشتیی یەکێتیی ببەستین بەهۆی شەڕی داعش و ناکۆکییەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و ئەگەر کۆنگرە ئێستا ببەسترێ ئەوا جیابوونەوە لە نێو یەکێتیدا روودەدات و ئێمە پێشتریش دووچاری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا بووین لە یەکێتیی کە گۆڕانی دروست کرد، بۆیە دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە لە نێو یەکێتیی، چونکە مام جەلال هێشتا نەخۆشە".

لەبارەی دەسەڵاتەکانی خۆی لە رووی ئەوەی لە نێو حزبەکەیدا باڵاترین پێگەی سەرکردایەتی هەیە دوای مام جەلال، کوسرەت رەسوول دەڵێ: "من جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیم لە رووی فەرمیی و شکڵییەوە، بەڵام دەسەڵاتە گرنگەکان وەک دارایی و پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی دەرەوە تایبەتن بە سکرتێری گشتیی و ئەم دەسەڵاتانەش ئەمڕۆ لە دەستی هێرۆ خان دایە".

کوسرەت رەسوول هاوکات ئاشکرای دەکات کە: "کوتلەی کۆسرەت رەسوول و کوتلەی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی و کوتلەی هێرۆ خان هەیە" و لەبارەی بوونی بەرهەم ساڵح لە نێو یەکێتیدا دەڵێ"کاریگەرە، چونکە جێگری تاڵەبانییە و لە کۆبوونەوەکانی مەکتەب سیاسیدا بەشدار دەبێ بە ئامادەبوونی هێرۆ خان و من و (بەرهەم ساڵح) هیچ کێشەیەکی شەخسیمان نییە لەگەڵ هێرۆ خاندا، بگرە ناکۆکییەکانمان لەبارەی ئایندەی یەکێتیی و هێزەکەیەتی، من لە کۆبوونەوەکانی مەکتەب سیاسیدا قسەی لەگەڵ (هێرۆ خان) دەکەم، بەڵام لە سیاسەتەکانی لەبارەی پرسی سەرکردایەتی یەکێتیی نارازیم".

کۆسرەت رەسوول دەشڵێ: "ئێمە دەڵێین پەیڕەوی ناوخۆ هەیە و وەک دەستوور وایە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی و پێویستە رێزی لێبگیرێ و جێبەجێ بکرێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ من و بەرهەم ساڵح دەسەڵاتی سەرکردایەتیمان هەیە کە کۆنگرەی گشتیی پێی بەخشیوین و ئەو کاتەی مام جەلال بۆ پۆستی جێگری یەکەم و دووەم کاندیدی کردین و کۆنگرەی گشتیی کە باڵاترین دەسەڵاتە لە نێو یەکێتیدا بە هێزەوە پاڵپشتیی کردین، ئەمە بە شێوەیەکی ئاشکرا روویدا نەک بە رێگەی دامەزراندن و هیچ کەس ناتوانێ ئەم دەسەڵاتانەمان لێ وەربگرێتەوە مەگەر بەرێگەی کۆنگرەی گشتیی نەبێ".

کوسرەت رەسوول هەروەها هۆشداری دا لەوەی ناکۆکییەکان "کاریگەریان خستووەتە سەر جەماوەری یەکێتیی، هەرچەندە ئێمە رێککەوتووین لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێو یەکێتیی و سەقفی شەش مانگمان بۆ دیار کردووە و تا ئێستا مانگێکی بەسەرچووە". کۆسرەت رەسوول پێشنیازیش دەکات: "کۆنگرەیەکی پێکهاتن ببەسترێ بۆ دیارکردنی سەرکردایەتی یەکێتیی بۆ ئەوەی حزب رادەستی خەڵکێکی شایستە بکەین بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت نەکات و من لەگەڵ ئەوەدام سەرکردایەتییەکی گەنج هەبێ و ئێمە پشوو بدەین، من وەک جاران بەهێز نیم و تەمەنم و باری تەندروستیم رێگەم نادەن بەشداریی لە کۆبوونەوەی زۆر و درێژخایەن بەکم".

جێگری یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ: "ئەگەر مام جەلال تەندروستیی باش بوایە من دووچاری رووبەڕووبونەوەی حزبەکانی دیکە و ناکۆکییەکانیان نەدەبووم". لەبارەی کێشەکانی نێوان حزبە کوردستانییەکان کۆسرەت رەسوول دەڵێ: "پێویستە کێشەکانی نێوان حزبە کوردستانییەکان بە دانووستاندن و تێگەیشتن چارە بکرێن و بەبێ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن کێشەکان لە هەرێمی کوردستان چارە ناکرێن و پێویستە هەندێک تەنازول لە نێوان لایەنە رکابەرەکاندا هەبێ و پێویستە تێگەیشتن هەبێ".

جێگری یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لەوەش دەکات کە: "یەکێتیی بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات وەک بڵێی بەرپرسە لە هەموو پرسەکان نەک وەک ئەوانی دیکە کە بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە دەکەن و مەبەستم حزبەکانی دیکە و لایەنە کوردییەکانی دیکەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پێشتریش ئێمە تەنازولمان بۆ کردن و ئەوانیش تەنازولیان بۆ کردین، بەڵام دەرکردنی سەرۆک و چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان کە بە شێوەیەکی یاسایی هەڵبژێردراون و لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەرکران بەبێ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی، دۆخەکەی توند کرد".

کوسرەت رەسوول دەشڵێ: "کەس مافی ئەوەی نییە رێگە بە چوونی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێ بۆ هەولێر و ئێمە لەگەڵ ئەم بڕیارە نین و پێویست بوو ئەم پرسە تاوتوێ بکەین بۆ ئەوەی چارەیەک بدۆزینەوە و ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی چی لەسەر ئاستی کەسایەتیی بێ یان مەکتەب سیاسیی هەوڵمان دا تێروانینی پارتی و گۆڕان لە یەکدی نزیک بکەینەوە، بەڵام هیچ کەس ئامادە نییە تەنازول بۆ ئەوەی دیکە بکات و پێویست بوو لەسەر پارتی لەگەڵ گۆڕاندا رێکبکەوتایە".

کوسرەت رەسوول هاوکات لەبارەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێ: "پێویستە سەرۆک لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێ نەک لە لایەن خەڵکەوە".

ئا: ئا ، ف