وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا هه‌مان داوای كوردی له‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، هه‌مان داوای سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، له‌ ئه‌وروپا ده‌كات و رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌وروپا هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ شه‌ڕكردن له‌ دژی داعش چڕتر بكاته‌وه‌.

ئاشتۆن كارته‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پنتاگۆن)، دوای ته‌قینه‌وه‌كانی برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌وروپا پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا بكات له‌ وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی و شه‌ڕكردن له‌ شه‌ڕی دژی داعش.

كارته‌ر له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (CNN) گوتی: "به‌هۆی رووداوه‌كانی برۆكسل بۆ ئه‌وروپییه‌كان روون ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ بازنه‌ی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ داعش فراوانتر بكه‌ن و هه‌وڵه‌كانییان بۆ لێدان له‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراق و سووریا و ناوچه‌كانی دیكه‌ چڕتر بكه‌نه‌وه‌".

پێشتر به‌رپرسانی كورد و فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌جیا داوایان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا كردبوو، هاوكاری زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا گوتی: "ئه‌گه‌ر كێشه‌ی تیرۆر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، تیرۆر یه‌خه‌ی ئه‌وروپا ده‌گرێت".