سه‌يروسه‌مه‌رى پاسه‌وانى سه‌رۆكه‌كان

با زياتر بخوێنينه‌وه‌ و بزانين ئايا ئه‌و شتانه‌ به‌ هه‌ڵكه‌وت رووده‌ده‌ن يان به‌رنامه‌ و روانگه‌يه‌ك له‌ پشتييانه‌وه‌ هه‌يه‌.

K24 – هه‌ولێر:

ئێمه‌ له‌ جيهانێكى پڕاوپڕ له‌ سه‌يروسه‌مه‌ره‌ و بابه‌تى پڕ له‌ نهێنيدا ده‌ژيين، هه‌ندێك شت هه‌ن له‌وانه‌يه‌ به‌ سانايى بێنه‌ به‌رچاوان و هه‌ست به‌ ديوى ناوه‌وه‌ و سه‌يربوونييان نه‌كه‌ين، به‌ڵام با زياتر بخوێنينه‌وه‌ و بزانين ئايا ئه‌و شتانه‌ به‌ هه‌ڵكه‌وت رووده‌ده‌ن يان به‌رنامه‌ و روانگه‌يه‌ك له‌ پشتييانه‌وه‌ هه‌يه‌.

پاسه‌وانه‌كه‌ى باراك ئۆباما:

ئه‌وه‌ى له‌ چاودێرى و پاسى سه‌رۆكى ئه‌مريكا باراك ئۆباما ده‌كات، به‌ لاته‌وه‌ سه‌ير نه‌بێت، كه‌ سه‌يرترين پاسه‌وانى سه‌رۆكى وڵاتێكه‌. له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ڤيديۆيانه‌ى تۆمار كراوون و ئه‌و پاسه‌وانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت شێوه‌يه‌كى ترسێنه‌ر و تۆقێنه‌رى هه‌يه‌.

ئه‌و پاسه‌وانه‌ به‌ ئه‌ستێرى سينه‌مايى هۆلييود، لۆرد فرڵدرمۆرت ده‌چێت، كه‌ له‌ زنجيرى فيلمى هارى پۆته‌ردا رۆڵى ساحيرێكى خراپه‌كار ده‌بينێت.

ژنانێك پاسى قه‌زافى ده‌كه‌ن

بۆ سه‌رۆكێك له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌فريقيا به‌ تايبه‌تى له‌ سێ تا چوار ده‌يه‌ى رابردوودا، زۆر سه‌ير بوو، پاسه‌وانه‌كانى ژن بن، قه‌زافى ئه‌و كه‌سه‌ بوو، كه‌ له‌ ماوه‌ى 40 ساڵى فه‌رمانڕه‌وايه‌تى ليبيادا پاسه‌وانه‌كانى ژن بوون.

قه‌زافى پێداگر بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ژنانه‌ى ده‌كرێنه‌ پاسه‌وانى ده‌بێت زۆر باڵايان به‌رز بێت و هاوسه‌رگيريان نه‌كردبێت و ماسووله‌كه‌يان به‌هێز بێت.

كاره‌ساته‌كه‌ى كۆرياى باكوور:

له‌ كۆرياى باكوور، گه‌يشتن به‌ پێگه‌ى پاسه‌وانى سه‌رۆكى وڵات يه‌كێكه‌ له‌ ئه‌سته‌مترين خواسته‌كان و به‌ديهاتنى زۆر ئه‌سته‌مه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌سێك ئه‌و حه‌زه‌ى هه‌بێت هه‌موو تاقيكارييه‌كانى تايبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌و پێگه‌يه‌ ئه‌نجامبدات و به‌ سه‌ركه‌وتوويى لێيان ده‌رباز بێت.

تاقيكردنه‌وه‌كان جۆراوجۆرن، له‌وانه‌ چه‌ند پارچه‌يه‌كى گرانيت له‌سه‌ر سينگى داده‌نرێن و ده‌بێت به‌ چه‌كوچ بشكێنرێن و ئه‌و نه‌بزووێت له‌ جێى خۆى، گڵۆپى كاره‌بايى ته‌نيا به‌ په‌نجه‌يه‌ك بشكێنێت.

له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئه‌وه‌يه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌كرێته‌ پاسه‌وان، بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ ده‌خرێته‌ ژێر پرۆسه‌ى شۆردنه‌وه‌ى مێشك و ياده‌وه‌رى خۆى له‌ ده‌ستده‌دات و له‌ هۆش و بيريدا ئه‌وه‌ ده‌چێنرێت كه‌ رێبه‌رى كۆرياى باكوور، خوداوه‌نده‌ و ئه‌ركى ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ خوداوه‌ندى كۆرياييه‌كان بپارێزێت.

پاسه‌وانه‌كه‌ى سيسى:

سه‌رۆكى ئێستاى ميسر، كه‌ ژه‌نه‌راڵێكى سه‌ربازى بوو، له‌ رێگه‌ى كوده‌تاوه‌ گه‌يشته‌ ده‌سه‌ڵات، پاسه‌وانێكى هه‌ڵبژێردراوى هه‌يه‌، كه‌ له‌ يه‌كه‌ى پرۆسه‌ سه‌ربازييه‌كانى سوپاى ميسر ناسراو به‌ يه‌كه‌ى 777، به‌ هێزترين كه‌س بووه‌.

پۆتين:

سه‌رۆكى رووسيا، ڤلاديمێر پۆتين، كه‌ به‌ كه‌سايه‌تييه‌ به‌هێز و ئاڵۆز و  قه‌يسه‌ره‌ نوێيه‌كه‌ى رووسيا هه‌ژمارده‌كرێت، حه‌زى له‌وه‌يه‌ پاسه‌وانه‌كانى له‌ رووى باڵاوه‌ باڵا به‌رزبن و خاوه‌نى درێژترين پاسه‌وانى تايبه‌تييه‌.