هۆكاری كوشتنی زاهید بریفكانی ئاشكرابوو

پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌كان له‌ دهۆك "بكوژه‌كه‌ی" ده‌ستگیركرد

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی دهۆك، له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا، بكوژی هونه‌رمه‌ند زاهید بریفكانییان ده‌ستگیركرد.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی دهۆك رایگه‌یاند، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد، ده‌ركه‌وتووه‌، تۆمه‌تباره‌كه‌، شاری دهۆكی جێهێشتووه‌ و گوتی: "دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دهۆك ده‌ستگیركراوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌ راپۆرتی پزیشكی دادی، دوای 48 كاتژمێر له‌ كوژرانی، ته‌رمه‌كه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌،

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، چه‌ندین تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكهێنرا و توانرا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ئه‌و تاوانه‌ ده‌ستنیشان بكرێت و ئێستاش ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ده‌ستگیركراوه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تۆمه‌تباره‌كه‌ ناوی (سه‌میر موسا عیسا)یه‌ و دانی به‌ تاوانه‌كه‌ی خۆیدا ناوه‌و و رایگه‌یاندووه‌، به‌ مه‌به‌ستی دزیكردن چووه‌ته‌ ماڵی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تاوانه‌كان، بۆ كوردستان 24 گوتی: "تاوانباره‌كه‌ خه‌ڵكی دهۆكه‌ و به‌ مه‌به‌ستی دزیكردن چووه‌ته‌ سه‌ر ماڵی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ و چه‌ندین پارچه‌ زێڕیشی له‌و ماڵه‌ دزیوه‌ و زێڕه‌كانیشی له‌ سامه‌ڕا فڕۆشتووه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكمان ره‌وانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌ كردووه‌ و به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌و پارچه‌ زێڕانه‌ كردووه‌ كه‌ دزراون".

گوتیشی: "تاوانباره‌كه‌ پێشتر شاره‌زای ناوماڵی هونه‌رمه‌ند زاهید بریفكانی بووه‌ و كاروباری كاره‌با و چه‌ند كارێكی دیكه‌ی بۆ ماڵی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌نجامداوه‌".

زاهید شێخ مه‌مدووح بریفكانی، رۆژی 22ی ئادار/ مارسی 2016، به‌ كوژراوی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا دۆزرایه‌وه‌.

 

چه‌ند كارێكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند زاهید بریفكانی، كه‌ پێشتر له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی، له‌ یوتیوب بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌.