دیپلۆماتكارێكی رووسی: ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی كوردی داده‌مه‌زرێنێت
ئه‌مريكا هه‌وڵه‌كانى چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى خۆى له هه‌رێمى كوردستان و به كرده‌وه ده‌ستيكردووه به هه‌نگاونان به‌ره‌و راگه‌ياندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كورد

K24 – هه‌ولێر:
شاره‌زا و ديپلۆماتكارێكى پێشووى رووسيا، رايگه‌ياند، ئه‌مريكا هه‌وڵه‌كانى چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى خۆى له هه‌رێمى كوردستان و به كرده‌وه ده‌ستيكردووه به هه‌نگاونان به‌ره‌و راگه‌ياندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كورد، كه مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سووره له‌سه‌ر راگه‌ياندنى ئه‌و ده‌وڵه‌ته.
رۆژنامه‌ى ئزڤيستياى رووسيايى بابه‌تێكى شيكارى له باره‌ى دامه‌زراندنى سه‌ربازگه‌يه‌كى ئه‌مريكى له "باكوورى عێراق" (هه‌رێمى كوردستان)، به بێ وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى له "حكومه‌تى ناوه‌ندى" بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێيدا بۆچوونى شاره‌زا رووسييهكانى له باره‌ى ستراتيژى ئه‌مريكا له هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرتووه.
له راپۆرتى رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه:
ئه‌مريكا سه‌ربازگه‌يه‌كى له "باكوورى عێراق" (هه‌رێمى كوردستان)، به مه‌به‌ستى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش دامه‌زراندووه، به‌ڵام شاره‌زايان له‌و بڕوايه‌دان، ئه‌و بنكه سه‌ربازييه هه‌نگاوێكه به‌ره‌و راگه‌ياندنى ده‌وڵه‌تى كورديى.
بنكه سه‌ربازييه‌كه له ناوچه‌يه‌كى نزيك شارۆچكه‌ى مه‌خموور كراوه‌ته‌وه. تێيدا چه‌ند سه‌د سه‌ربازێكى مارێنزى ئه‌مريكايى جێگيركراوون. ئه‌وان تۆپى قورس و دوورمهودايان پێيه، كه ده‌كرێت له رێگه‌يانه‌وه هاوكارى هێزه عێراقييه‌كان بكرێت له پرۆسه‌ى رزگاركردنى شارى مووسڵدا.
به گوێره‌ى لێدوانى ديپلۆماتكارى پێشووى رووسيا، ڤيتچسلاڤ ماتوزۆڤ، ئه‌مريكا بڕياريداوه به شێوه‌يه‌كى به‌رچاو، بوونى خۆى له ناوچه‌كه‌دا به‌هێز بكات. به‌ڵام ئامانجى راسته‌قينه‌ى له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعشدا كورتههڵنايهت و ئامانجى ديكه‌شى هه‌ن.
ڤيتچسلاڤ ماتوزۆڤ، شاره‌زايه‌كى ستراتيژى سياسييه و هاوكات يه‌كێكه له ديارترين كه‌سايه‌تييه رۆژههڵاتناسهكانى رووسيا و له باره‌ى پرسه گه‌رمه‌كانى رۆژه‌وه له ميدياى جيهانييدا بۆچوونه‌كانى به هه‌ند وه‌رده‌گيرێن،
ماتوزۆڤ ئه‌وه‌شى گووتوه: ئه‌مريكاييه‌كان به ئاراسته‌ى درووستبوونى ده‌وڵه‌تى كورديدا رێده‌كه‌ن. دامه‌زراندنى فڕۆكه‌خانه له ناوچه كوردييه‌كانى سووريا، باسكردن له سيستمى فيدراڵى بۆ سووريا، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنى بنكه‌ى سه‌ربازى له كوردستانى عێراق، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه، بانگه‌وازه‌كه‌ى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مريكا، كه داوايكردبوو، پشتيوانى له سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بكات، پرسگه‌لێكن كه هه‌موويان ده‌چنه يه‌ك چوارچێوه‌وه. به‌ڵێ راسته ئه‌مريكا به شێوه‌يه‌كى راگه‌يه‌ندراو شه‌ڕى داعش ده‌كات، به‌ڵام به كرده‌وه‌ش كار بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌ركى ته‌واو جياواز ده‌كات. هه‌ر بۆيه دامه‌زراندنى بنكه‌يه‌كى سه‌ربازى له "باكوورى عێراق"، هيچ نييه جگه له هه‌نگاوێك به‌ره‌و جێبه‌جێكردنى ئه‌و ئه‌ركانه و راگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.
ئه‌و بنكه سه‌ربازييه‌ى سوپاى ئه‌مريكا له "باكوورى عێراق"دا رۆژى 19ى ئازار/ مارسى 2016 ئاوا كراوه. به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى داعش زياتر له دوو كاتيۆشاى ئاراسته كردن. گريمانه ده‌كرێت، تيرۆريسته‌كان زووتر سهربازگهكهيان پێ زانى بێت و تێبينى جموجۆڵى سه‌ربازه‌كانى ئه‌مريكايان كردبێت، به تايبه‌تى به هۆى ئه‌نجامدانى راهێنان و مه‌شق و تاقيكردنه‌وه‌ى تۆپه قورس و دوورهاوێژه‌كان.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه، شاره‌زاى كاروبارى سه‌ربازى، ڤلاديمێر يفڤسييڤ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، هه‌وڵه‌كانى ئه‌مريكا بۆ به‌هێزكردنى بوونى له ناوچه‌كه‌دا به‌شێكه له خواستى ئه‌مريكا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌دا به‌و پێيه‌ى داعش پرسێكه كاريگه‌رى له‌سه‌ر شكۆى ئه‌مريكا داناوه و زيانى پێگه‌ياندووه.
هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌وه‌ى بۆ سه‌رۆكى ئه‌مريكا باراك ئۆباما گرنگه، ئه‌وه‌يه سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا به ناوى خۆى تۆمار بكات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌يه‌نێت پێش ئه‌وه‌ى ئۆباما كۆشكى سپى به‌جێبهێڵێت پێويسته مووسڵ له عێراق و ره‌ققه له سووريا رزگار بكرێن. هه‌ربۆيه ئه‌مريكاييه‌كان له چه‌ند ئاراسته‌يه‌كى جياوازه كار ده‌كه‌ن. ئه‌وان پێگه‌ى تايبه‌ت به خزمه‌تگوزارييه لۆجستييه سه‌ربازييه‌كان داده‌مه‌زرێنن و هاوكارى كورد له عێراق و سووريادا ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامن له بۆردومانكردنى پێگه و مۆڵگه‌ى تيرۆريسته‌كان.
پێشتر له كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى رابردوودا، سه‌رۆكى ئه‌مريكا باراك ئۆباما بڕياريدا 1500 سه‌ربازى سوپاى وڵاته‌كه‌ى ره‌وانه‌ى عێراق بكات، به‌ڵام سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى هه‌ر زوو ئه‌و بڕياره‌ى ئۆباماى ره‌تكرده‌وه.
عه‌بادى رايگه‌ياند، له ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى سه‌ربازى وشكانى و هێرشى زهمينيدا دژى تيرۆريستان به‌غدا پێويستى به سوپاى ئه‌مريكا نييه.
تا ئێستا هيچ زانيارييه‌كى ئه‌وتۆ له‌به‌رده‌ستدا نيين، ئايا ئه‌مريكا ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى "ناوه‌ندى"عێراقى وه‌رگرتووه له باره‌ى دامه‌زراندنى سه‌ربازگه‌يه‌كى تايبه‌ت به سوپاكه‌ى له كوردستاندا ياخود نا. به گوێره‌ى بۆچوونى شاره‌زايان ئيداره‌ى ئه‌مريكا، ته‌نيا ره‌زامه‌ندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى پێ به‌س بووه و به پێويستى نهزانيوه له زۆر پرس و بابه‌تدا پرس و را به حكومه‌تى عێراق ناكات.
سه‌رچاوه:RT
و:ئ.هـ