وەزیرێکی عێراق: هەوڵێک هەیە بۆ سڕکردنی دەستوور

K24-هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند هەوڵێک هەیە لە پشتی پەردەوە بۆ سڕکردنی دەستووری عێراق.

عادل عەبدولمەهدی کە هاوکات سەرکردەیەکی باڵای ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە لە عێراق لە وتارێکدا گوتی: "بەرپرسێکی باڵا پێی گوتم کە چاوی بە گەورە بەرپرسانی پەیوەندیدار بە گۆڕانکارییەکانی نێو حکوومەتی عێراق کەوتووە و بە یەکێکیانی گوتووە بەنیازی چین؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتویەتی دوا را کە بڕیاری لەسەر دراوە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی گشتییە".

عادل عەبدولمەهدی دەشڵێ: "بەرپرسە باڵاکە گوتویەتی ئەمە پێویستی بە دەست لە کارکێشانەوەی تێکرای حکوومەت و رەزامەندیی پەرلەمان هەیە.. بەرپرسە پەیوەندیدارەکەش لە وەڵامدا گوتویەتی بەڵێ، بەڵام کێشەکە لە پەرلەماندایە، بۆیە بیر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەینەوە، ئەوجا بەرپرسە هاورێکەم گوتویەتی ئەو هەنگاوە پێویستی بە سڕکردنی دەستوور دەبێ.. بەرپرسە پەیوەندارەکەش گوتویەتی ماددەیەک هەیە رێگە بەمە دەدات.. بەڵام بەرپرسە هاورێکەم گوتویەتی ئەو ماددەیە پێشتر لە پەرلەمان خرایە روو و رەتکرایەوە.. بۆیە بەرپرسە پەیوەندیدارەکە گوتویەتی جا پێویستە دەستوور سڕ بکرێت".

وەزیری نەوتی عێراق کە دەست لە کارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی سەرۆک وەزیران کردووە ئاشکراشی دەکات کە: لە چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە گوێبیستی ئەم زانیارییانە بووە و دەڵێ: "بەڵام کە لە کەسێک لەم ئاستە باڵایە گوێم لێ بوو، ئەمە پرسێکی دیکەیە".

ئەم گوتانەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی بەنیازی ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە نێو حکوومەتەکەی بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات وەک خۆی دەڵێ.

هاوکات ماوەی چەند هەفتەیەکە لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەب بەردەوامن لە خۆپێشاندان و داواکردنی ئەنجامدانی چاکسازیی و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵیی لە نێو دامودەزگاکانی عێراق و لە ئەگەری بەدینەهاتنی داواکانیان هەڕەشەی چوونە نێو ناوچەی سەوزی بەغدا دەکەن کە بارەگای زۆربەی زۆری وەزارەتەکانی حکوومەت لەخۆدەگرێت.

ئا: ئا ، ف