هێرۆ خان وەڵامی کۆسرەت رەسوولی دایەوە

"ھەق نییە ئەوانەی کە ماڵیان لە شووشەیە بەرد بگرنە ماڵی خەڵکی"

K24-هەولێر

هێرۆ خان، هاوسەری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی، کۆسرەت رەسوول عەلی دایەوە و رایگەیاند ھەموو کەسێک ئەو قسەیەی بکردایە نەدەبوایە کە کاک کۆسرەت پەنجەی بۆ ئەو مسەلەیە رابکێشایە، چونکە ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانن کە کێ دەیەوێت کوڕ و کچ و کەسانی نزیکی خۆی لە پلە باڵاکانی حزبیی و حکوومیدا بسەپێنێت.. بۆیە ھەق نییە ئەوانەی کە ماڵیان لە شووشەیە بەرد بگرنە ماڵی خەڵکی.

هێرۆ خان لە وەڵامی کۆسرەت رەسوول دا دەشڵێ: "سەبارەت بەوەی کە من ھەموو دەسەڵاتەکانی یەکێتیم قۆرخ کردووە، دەمەوێ زۆر راشکاوانە ئەم راستیانەتان بۆ روون بکەمەوە، پێم وایە پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جگە لە مام جەلال نە لە ئێستا و نە لە دووا رۆژدا جێگەی قسەوباس نییە و ئەو پۆستە و ھەموو ئەوانی تر وەک سەردەمی حزووری مام نامێنێت، چاوەڕوانین کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکات و گۆڕانکاریی بەسەر پۆست و  دەسڵاتەکاندا بێنێت".

سەبارەت بە دارایی یەکێتیی و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی یەکێتیش، هێرۆ خان دەڵێ: "ئەوە من نیم کە بەرپرسی دارایی یەکێتیی بم، بەڵکوو ئەوە ئیدارەی گشتییە کە بەرپرسیارە لە سەروەت و سامانی یەکێتیی و دابینکردنی پێداویستیەکانی، جا ھەر لایەنێک کەدەیەوێت سەروەت و سامانی یەکێتیی بزانێت دەبێت لە ئیدارەی گشتیی یەکێتیی بپرسێت".

دەقی روونکردنەوەکە:

پێم سەیرە کە کاک کۆسرەت لەم کاتە ھەستیارەدا ئەو لێدوانە زیانبەخشە دەدات، لەکاتێکدا کە لە دووا کۆبونەوەی م.س ی یەکێتیدا کە بە سەرپەرشتی خۆی ئەنجامدرا، تیایدا بڕیار لەوەدرا کە لەمەودووا ھەر دە رۆژ جارێک م.س کۆ ببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن و لێدوان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.

ئامانجی ھەموانیش دەربڕینی یەک ھەڵوێستی بوو لەمەڕ مەسەلە جیاجیاکان و بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، ھەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەماوەیەکی کوردتدا کۆببێتەوە بۆ ھەمان مەبەست.

لەکاتێکدا کە بەئومێدبووم کە ھەوڵی جدی بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو بڕیارانە بدرێت، کەچی بە پێچەوانەوە دەبینین کە ئەو جۆرە لێدوانە زیان بەخشانە دەدرێت کە نە لە بەرژەوەندی یەکێتی و نە خودی خۆی و نە برادەرەکانیشیدایە.

سەبارەت بەوەی کە من ھەموو دەسەڵاتەکانی یەکێتیم قۆرخ کردوە......دەمەوێت کە زۆر راشکاوانە ئەم راستیانەتان بۆ روون بکەمەوە.

پێم وایە پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جگەلە مام جەلال نە لە ئێستا و نە لەدووا رۆژدا جێگەی قسەوباس نییە و ئەو پۆستە و ھەموو ئەوانی تر وەک سەردەمی حزوری مام نامێنێت، چاوەڕوانین کۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکات و گۆڕانکاری بەسەر پۆست و  دەسڵاتەکاندا بێنێت.

سەبارەت بە دارایی یەکێتی و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی یەکێتیش..ئەوە من نیم کە بەرپرسی دارایی یەکێتی بم بەڵکو ئەوە ئیدارەی گشتیە کە بەرپرسیارە لە سەروەت و سامانی یەکێتی و دابینکردنی پێداویستیەکانی، جا ھەرلایەنێک کەدەیەوێت سەروەت و سامانی یەکێتی بزانێت دەبێت لە ئیدارەی گشتی یەکێتی بپرسێت.

 بۆیە من نە لە نزیک و نە لە دوورەوە بەرپرسیاری دارایی یەکێتی نیم و دارایی یەکێتی لای من نیە. خۆ گەر وا بووایێ ئەوا چۆن رێگەم ئەدا کە پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و کادرو و ئەندامانی یەکێتی و کەسانی ئاسایی پێویستیان بە ھاوکاری ھەبێت و باری گوزەرانیان بکەوێتە مەترسیەوە، بەڵام لەبنەڕەتەوە دژی تەخشانکردنی پارەی یەکێتی بووم بۆ مەرامی تایبەتی ئەم و ئەو.

 دڵنیام کە زۆرکەس لەناوەوە و دەرەوەی یەکێتی ئەو شایەتیەم بۆ دەدەن، بۆیە ئیتر بەسیەتی لێدانەوەی ئەم قەوانە سواوە.. و چیتر رازی نابم بەوەی کە ئەو بوختان و قسە و قسەڵۆکانەم بۆ ھەڵبەستن.

من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم کە پێش کۆنگرە و لەپشتی پەردەوە سازان و رێک کەوتن و پشک پشکێنە بکرێت، بۆ دانانی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی.. ھەڵگرانی ئەم مەنتیقە دژ بە کۆنگرەن و بیانوو بۆ نەبەستنی دەھێننەوە.

ھەمووان دەزانن لەگەڵ ئەوەدام کە ھەر چی زووە کۆنگرە بگیرێت و کێشەکان لە کۆنگرەدا یەکلابکرێتەوە و دەبێت ئەو کۆنگرەیە، کۆنگرەیەکی ئازاد و شەفاف بێت کە تێیدا بوار بۆ گشت کادرو و ئەندامانی یەکێتی و نوێنەرانی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان برەخسێنێت کە بە تەواوی ئازادبن لەوەی کە خۆیان کاندید بکەن و یان کەسانی تر ھەڵبژێرن لە کەشوھەوایەکی ئازادو بێگەرد و دوور لە چاوسوورکردنەوە و بڕیاری پشت پەردەوە.

ئەندامانی ئامادەبوی دوا کۆنگرەی یەکێتیش دەزانن کە من بەدەنگی کۆنگرەو بێ تەزکیەو تێپەڕین بەپرۆسەی چەپڵەلێدان دەنگی زۆرینەی ئەندامانم پێ بەخشرا، رۆڵبینینی من نە خۆ فەرزکردنەو نە بەزۆرەملێ ئەوە بارودۆخی مەوزوعی ناوخۆی یەکێتی فەرزی کردوە ئەو رۆڵە ببینیم و شانی بەرپرسیارێتیشم داوەتە بەری.

سەبارەت بەو قسەڵۆکانەی لەبارەی بە بنەماڵەکردنی یەکێتی لێدەدرێتەوە....ھەموو کەسێک ئەو قسەیەی بکردایێ نەدەبووایێ کە کاک کۆسرەت پەنجەی بۆ ئەو مسەلەیە رابکێشایێ، چونکە ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانن کە کێ دەیەوێت کورو کچ و کەسانی نزیکی خۆی لە پلە باڵاکانی حزبی و حکومیدا بسەپێنێت.. بۆیە ھەق نیە ئەوانەی کە ماڵیان لە شووشەیە بەرد بگرنە ماڵی خەڵکی.

لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەمەوە کە ھەر ھەموومان بە کاک کۆسرەت و برادەرەکانیشیەوە بە یەکێتیەوە جوانین و کەسمان بەبێ یەکێتی ھیچ نین. دەبا ھەموومان لەسەر رێبازەکەی مام جەلال بڕۆین و سیاسەتی چەپکە گوڵەکە پیادە بکەین.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment