لە ھێرشێكدا 97 چەکداری داعش کوژران
فڕۆكەكانی هاوپەیمانان 65 هێرشیان کردە سەر داعش
K24 - ھەولێر:
شانەی رۆژنامەوانی جەنگی رایگەیاند، فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان لە ماوەی 24 كاتژمێردا 65 ھێرشیان كردوەتەسەر بنكە و بارەگاكانی داعش لە عێراق و 97 چەكداری داعش كوژراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی رۆژنامەوانی جەنگی سەر بە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق: "لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، فڕۆکەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، 65 هێرشییان بۆسەر مۆڵگەو بنکەکانی داعش لە عێراق ئەنجامداوە".
لە راگەیاندراوەكەدا ئەوە رونكراوەتەوە بنكە بارەگاكانی داعش لە " گەیارە، خۆرسپاد، پردی گەیارە، سەڵاحیە، سوڵتان عەبدوڵڵا، خڕەبەردان، کەسکێ، نەسڕی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، بەشیر لە سنووری شاری کەرکووك، کراونەتە ئامانج، بەهۆیانەوە 97 چەکداری داعش کوژراون و ژماریەکی زۆری بنکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە ناوبراون".
ئەمە لە كاتێكدا لە چەند رۆژێكە سوپای عێراق لە سنووری میحوەری مەخموور ھێرشی بۆ سەر بارەگاكانی داعش دەست پێكردوە، چڕکردنەوەی بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، مەبەست لێی، هاوکاری کردنی هێزە عێراقییەکانە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و ئەو ناوچانەی دیکەی تا ئێستا لە ژێر دەستی داعشدان.