دوای چەند رۆژێک لە دابەزینی نرخی نەوت، جارێکی دیکە بەرزبوویەوە

K24-هەولێر
نرخی نەوتی خاو لە چەند رۆژی رابردوو رووی لە دابەزین بوو، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت جارێکی دیکەی بەرزبوویەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت گەیشتە 39.33 دۆلاری ئەمریکی.
بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ راپۆرتی پەیمانگەی پترۆلی ئەمریکا کە ئاشکرای کرد ئاستی یەدەکی نەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بڕی 2.6 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 534.4 ملیۆن بەرمیل، بەڵام ئەو بەرزبوونەوە لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نەبوو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزببێتەوە.
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پاشەکشێکردنی دۆلارە لە باضارەکانی جیهان.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا ئەمڕۆ بە بڕی 31 سەنت بەرزبوویەوە و گەیشتە 38.59 دۆلار.
ئەمە لە کاتێکدایە بە درێژایی دوو ساڵی رابردوو نرخی نەوت نزیکەی سێیەکی بەهای خۆی لە دەستداوە بە هۆی برەبوونی نەوت لە بازاڕەکاندا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەو وڵاتانەی کە پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستن بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان.
ئا: ئا ، ف