تاڵیبان بەرپرسیارێتی خۆی لە خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی F16 راگەیاند
لە ئەفغانستان خرایەخوارەوە
K24-هەولێر
دوێنێ سێشەممە، فڕۆکە ئەمریکییەی جۆری F16 لە کاتی دەستپێکی فڕینی لە بنکەی باگرام لە ئەفغانستان تێکشکا، بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند کە چەکدارانی فڕۆکەکەیان خستووەتەخوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (بنتاگۆن)، پێشتر رایگەیاند: فڕۆکەیەک لە کاروانی 445ی چاودێریی تێکشکا و فڕۆکەوانەکەی توانیی خۆی دەرباز بکات. بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بزوتنەوەی تالیبانی گواستەوە کە: بزوتنەوەکە رەتی کردەوە فڕۆکەوانەکە لە تێکشکانی فڕۆکەکەیدا رزگاری بووبێ و جەختی کرد لە نێو فڕۆکەکەدا کوژرا.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پیتەر کوک رایگەیاند: "هێزەکانی هاوپەیمانان شوێنی تێکشکانی فڕۆکەکە دەپارێزن" و جەختی کرد کە "لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکرێ" و ئاماژەی کرد کە "هیچ ئاماژەیەک بەردەست نییە لەبارەی ئەوەی فڕۆکەکە لە لایەن دوژمنەوە خرابێتەخوارەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتیشی: "فڕۆکەوانی فڕۆکەکە خۆی دەرباز کردووە و هێزەکانی هاوپەیمانان گەڕاندیانەوە و ئێستا لە لایەن تیمێکی پزیشکییەوە لە دۆخی تەندروستیی دەکۆڵینەوە".
ئا: ئا ، ف