بە بیانووی مانگی هەنگوینیی ویستیان بچنە نێو داعش

K24-هەولێر

جاکلین دیڵسۆن یۆنگ، کە هاوڵاتییەکی ئەمریکایە دانی بەوەدا نا کە خۆیی و دەستگیرانەکەی هەوڵیان داوە بچنە نێو ریزەکانی رێکخراوی داعش.

پێشتر دادگا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمەتی پیلانگێرییان دایە پاڵ جاکلینی تەمەن 20 ساڵ بەوەی گوایە هەوڵی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی داوە بە گرووپێکی تیرۆریستیی.

ئێستاش دوای دانپێنانی جاکلین دیڵسۆن یۆنگ بە هەوڵی چوونە نێو ریزەکانی داعش، ئەگەر بە 20 ساڵ زیندانیی و پێبژاردنی 250 هەزار دۆلاری ئەمریکیی سزا بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە محەممەد عۆدە دەخڵەڵڵا دەستگیرانی جاکلین پێشتر لەم مانگە دانی بەوەدا نا کە تاوانبارە دوای ئەوەی لە مانگی شوبات/فەبرایەری رابردوو لە فڕۆکەخانەی ویلایەتی میسیسپی لە ئەمریکا و لە کاتی هەوڵی گەشتکردن بۆ سووریا دەستگیر کرا. وەک دادگا دەڵێ.

بەپێی بەرپرسێکی جێبەجێکاری یاسا لە ئەمریکا محەممەد عۆدە دەخڵەڵڵا کوڕی پێشنوێژێکە و جاکلین دیڵسۆن یۆنگ کچی ئەفسەرێکی پۆلیسە و تازە باوەڕی بە ئایینی ئیسلام هێناوە.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی لە ئەمریکا (FBI) دەڵێ: لە تۆڕی ئینتەرنێت پەیوەندیی بە جاکلین دیڵسۆن یۆنگ ەوە کردووە دوای دیارکردنی ئەکاونتی جاکلین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر وەک ئەکاونتێکی پاڵپشتیکەری داعش.

بەپێی ئێف بی ئای جاکلین پێی گوتوون کە بە نیازە گەشت بۆ ناوچەکانی بندەستی داعش بکات لەگەڵ دەستگیرانەکەی و لە یەکێک لە گفتوگۆکاندا جاکلین بە ئێف بی ئای گوتووە ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێدا دەژی پاڵپشتیی داعش و خێزانی دەخڵەڵڵا ناکەن و دواتر گوتوویەتی: "پێموایە ئەوان هەڵەن، بە نێو یاساکاندا گەڕام، سوپا بۆ خودا، دەوڵەتی ئیسلامیی راستە".

هاوکات بەپێی نووسراوەکانی دادگا جاکلین دیڵسۆن یۆنگ و محەممەد عۆدە دەخڵەڵڵا پلانیان داڕشتبوو بە بیانووی بەسەربردنی مانگی هەنگوینیی روو لە سووریا بکەن و بچنە نێو ریزەکانی داعش.

سەرچاوە: CNN، ئا: ئا ، ف