ئەمڕۆ عەبادیی لە پەرلەمان رایدەگەیەنێ

K24-هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی لە دانیشتنی پەرلەماندا ناوی کاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی کابینە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق رابگەیەنێ.

بەپێی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە پەرلەمان ئەمڕۆ میوانداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات بۆ ئەوەی ناوی ئەندامانی کابینەی نوێیەکی حکوومەتی عێراق رابگەیەنێ و پەرلەمان تێکرای کابینەکە تاوتوێی بکات.

هاوکات بڕیارە پەرلەمان لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگ لەسەر حیساباتی کۆتایی خەرجییەکانی ساڵی 2007ی عێراق بدات و خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەکیش بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە: سەرۆک وەزیرانی عێراق سبەی (ئەمڕۆ پێنجشەممە) کابینە نوێیەکەی حکوومەت پێشکەشی پەرلەمان دەکات.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ خۆپێشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەب لە بەرامبەر دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا کە پێگەی سەرەکیی دەسەڵاتە لە عێراق بۆ ناچارکردنی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و رووبەڕووبونەوەی (گەندەڵیی) لە نێو دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا گوتی کە: ئامادەیە رۆی پێنجشەممە (ئەمڕۆ) کابینەی نوێی حکوومەت پێشکەشی پەرلەمان بکات بەپێی ئەو مۆڵەتەی کە پەرلەمان پێشوەخت دیاری کرد، بەڵام عەبادیی جەختی کردەوە کە دەبێ "پەرلەمان سبەی خۆی یەکلایی بکاتەوە".

بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نێو لایەنەکانی دەسەڵات لە عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێستا لە ژێر فشاری مەرجەعییەتی شیعەیە لە نەجەف کە هاوکات پاڵپشتیی رەوتی سەدر دەکات لە دژی عەبادیی لەپاڵ فشاری ئێران لەسەر عەبادیی، ئەم دوو هۆکارە وەک سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەر عەبادیی ناچار نەکات گۆڕانکاریی ریشەیی ئەنجامبدات ئەوە ناچاری دەکات لە پۆستەکەی بکشێتەوە.

ئا: ئا ، ف