عامریی: چاکسازییەکەی عەبادیی درۆیە

"چونکە قەیرانی داراییمان چارە ناکات"

K24-هەولێر

سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە لە عێراق، هادی عامریی رایگەیاند هەر چاکسازییەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی ئەنجامی بدات درۆیە، چونکە قەیرانی دارایی عێراق چارە ناکات.

هادی عامریی کە هاوکات سکرتێری گشتیی رێکخراوی بەدری شیعەیە لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز رایگەیاند: "هیچ پێکهاتەیەک نییە هێندەی حەشدی شەعبیی بەهێز بێ و هیچ لایەنێک نییە هێندەی حەشدی شەعبیی کاریگەر بێ".

هادی عامریی گوتیشی: "هەر چاکسازییەک عەبادیی ئەنجامی دەدات درۆیە، چونکە ئەم چاکسازییانە یارمەتیدەری عێراق نابن بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانە داراییەی کە بە دەستییەوە دەناڵێنێ".

هاوکات لەبارەی بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی لە هێرشی گرتنەوەی شاری مووسڵ، عامریی سوورە لەسەر ئەوەی کە بەشدار دەبێ سەرەرای نارەزایی چەند فەرماندەیەکی سوپای عێراق و هاوپەیمانێتی نێدەوڵەتیی کە لە پێشێلکارییەکانی گرووپە چەکدارە شیعەکان دەترسن.

حەشدی شەعبیی چەند گرووپێکی چەکدارن بە فەتوای عەلی سیستانیی گەورە مەرجەعی شیعە لە نەجەف لە ناوەڕاستی ساڵی 2014وە شەڕی دژی داعشیان لە عێراق دەستپێکردووە، عامریی کە سەرپەرشتیاری ئەم گرووپانەیە دەڵێ: "ئێمە لە پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵ رۆڵێکی سەرەکیی دەگێرین، چونکە ستراتیجیی جیاکردنەوە و گەمارۆدانی شارەکە پەیڕەو دەکەین بۆ ئەوەی رێگە بەو چەکدارانە بدەین کە خەڵکی ناوچەکەن بچنە نێو شارەکە و رزگاری بکەن".

سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی دەشڵێ: "متمانە نەکردنی ئەوروپا و ئەمریکا بە حەشدی شەعبیی، بەهۆی پاڵپشتیی حکوومەتە لە ساڵی 2014وە بۆ حەشد". هاوکات "رای گشتیی رۆژئاوا چەکدارانی داعش بە شەرڤان ناودەبات، وەک بڵێی ئەوان شەرڤانی بێگەردن، کەچی ئێمە لەژێر چەتری حکوومەت و بە چەک و سەرچاوەکانی دەوڵەت دەجەنگین و ناوی میلیشیامان لێ دەنێن، هۆکارەکەش بریتییە لەوەی حەشدی شەعبیی شیعەیە".

سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی لەبارەی وتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما کە بەم دواییە لە رۆژنامەیەکی ئەمریکا بڵاوی کردەوە و تێیدا رەخنەی لە سعوودییە گرت و شەرڤانانی عێراقی بە بوێر ناوبرد، گوتی: "من لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا هاوڕا نیم، بەڵام گوتەکەی ئۆباما راستە".

هادی عامریی هاوکات لەبارەی بەسەرکردنەوەی بریندارانی حەشدی شەعبیی لە لایەن کونسوڵی ئەمریکا لە بەسرە کە بۆ یەکەم جار بوو بەرپرسێکی ئەمریکیی سەردانی حەشدی شەعبیی بکات، عامریی دەڵێ: خوازیارم ئەمە گۆڕانکاریی بێ لە سیاسەتەکانی رۆژئاوا و وا بڕواننە حەشدی شەعبیی وەک هێزێکی فەرمیی سەر بە دەوڵەتی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی لە دانیشتنی پەرلەماندا ناوی کاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی کابینە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق رابگەیەنێ لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییانەی کە دەستێپێکردوون لە دامودەزگاکانی دەوڵەت.

ئا: ئا ، ف