جۆزێف دانفۆرد: رەنگە ئۆباما ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاد بکات
ئەمە لە کاتێکدایە سوپای عێراقی قۆناخی یەکەمی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵی دەستیپێکردووە
K24 – ھەولێر:
جۆزێف دانفۆرد، سەرۆکی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دووپاتیکردەوە، ئۆباما لەگەڵ راوێژکارە سەربازییەکانی کۆبووەتەوە و رەنگە لە ماوەی داهاتوودا هێزێکی تایبەت رەوانەی عێراق بکرێت بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق لە شەڕی مووسڵ.
ئەمە لە کاتێکدایە سوپای عێراقی قۆناخی یەکەمی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵی دەستیپێکردووە، چەندین جار بەرپرسە باڵا ئەمنییەكانی عێراق ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە، كە ھیچ ھێزێكی دەرەكی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ ناكات لە زەمین، تەنھا بە ھێرشە ئاسمانییەكان ھاوكار دەبن، تەنھا ھێزە ئەمنییەكانی عێراق بەشداری كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ دەكەن.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگە جارێكی دیكە جۆزێف دانفۆرد، رایگەیاندبوو بە نیازن لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو ژمارەی سەربازە ئەمریكییەكان لە عێراق زیاد بكەن و هۆكاری ئەوەی بۆ هاوكاری عێراق لە شەڕی مووسڵ گەڕاندووەتەوە.