فەرماندەیەکی باڵای داعش کوژرا
لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری رەققە پێگەی سەرەکیی داعش لە سووریا "کوژرا"
K24-هەولێر
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کە پێشبینیی دەکرێت سەر بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بێت شەوی رابردوو لە دەوروبەری شاری رەققە لە سووریا ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای رێکخراوی داعشی بە ناوی (ئەبو ئەلهیجائی تونسیی) کردە ئامانج و فەرماندەکەی کوشت.
روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە راشیگەیاند: سەرۆکی رێکخراوی (داعش)، ئەبو بەکر ئەلبەغدادیی "ئەبو ئەلهیجائی لە عێراقەوە ناردبوو بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی کردەوە سەربازییەکانی رێکخراوەکە بکات لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی دەوروبەری شاری حەلەب (لە سووریا) و بە ئامانجکردنەکە بووە هۆی کوژرانی (فەرماندەکەی داعش) پارچە پارچەبوونی جەستەی".
روانگەی سووریا دەشڵێ: کەسێکی دیکە یاوەری ئەبو ئەلهیجائی بوو لە ئۆتۆمبێلەکەدا، ئەویش کوژرا، بەڵام نازانرێ ئەو کەسە شۆفێری ئەبو ئەلهیجائی بووە یان فەرماندەیەکی دیکەی داعشە و تەرمی هەر کوژراوەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی بندەستی داعش لە شاری رەققە.
ئەم پێشهاتە دوای چەند رۆژێک هات لە شکستسپێهێنان و دەرکردنی چەکدارانی داعش لە شاری تەدمور لە بیابانی سووریا لە لایەن سوپای حکوومەتی سووریاوە، بەپێی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە شەڕی تەدمور نزیکەی 400 چەکداری داعش کوژراون.
ئا: ئا ، ف