نرخی نەوتی خاو دابەزی

بەهۆی بەرزبوونی ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکاوەیە

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازاڕەکانی جیهان دابەزیی بەهۆی بەرزبوونی ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتێکدا هەناردەکارانی نەوت بە دەستی فرەبوونی نەوتەوە لە بازاڕەکان دەناڵێنن.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت ئەمڕۆ لە گرێبەستە پێشوەختەکاندا بە بڕی 26 سەنت دابەزی و گەیشتە 39 دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا پێش دابەزینی بە 40.61 دۆلار بوو.

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکا ئەمڕۆ بە بڕی 43 سەنت دابەزی و گەیشتە 37.89 دۆلار.

بەڕیوەبەری مەترسییەکانی نەوت لە کۆمپانیای میسیۆبیشی کۆرپی ژاپۆن رایگەیاند: نرخەکان تاکوو کۆتایی ساڵ "یاریی" دەکەن.

ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) لەم مانگە کە بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز هۆکارەکەی زیادبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە.

دابەزینی نرخی نەوت تا رادەیەک پێشبینییەکانی ناوەندە ئابوورییەکانی جیهان لەبارەی نرخی نەوتەوە پشتراست دەکاتەوە، چونکە ئەو ناوەندانە پێشتر پێشبینییان کرد نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2016 نەگاتە سەرووی 50 دۆلار.

ئا: ئا ، ف