بنتاگۆن: چۆن ئەبو موسعەبی زەرقاویمان کوشت هەروەها بەغدادیش دەکوژین

"بەغدادیی لە کۆتاییدا بە چارەنووسی دادپەروەرانەی خۆی دەگات"

K24-هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (بنتاگۆن) رایگەیاند رابەری رێکخراوی داعش، ئەبو بەکر بەغدادیی لە کۆتاییدا هاوشێوەی چۆن ئەبو موسعەبی زەرقاوی بە چارەنووسی دادپەروەرانەی خۆی دەگات و هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە بە ئامانجکردنی فەرماندەکانی داعش.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کۆڵۆنێڵ ستیڤ وارن راشیگەیاند: "ئێمە راوی دەنێن و دەیبینینەوە و چۆن رابەرەکەی، ئەبو مەسعەبی زەرقاویمان کوشت و بە هەمان شێوە سەرۆکی تیرۆر، ئوسامە بن لادنمان کوشت، هەروەها بەغدادیی دەبینینەوە و بە چارەنووسی دادپەروەرانەی خۆی دەگات".

ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کاتێکدایە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا مانگی رابردوو دوو سەرکردەی باڵای رێکخراوی داعشیان لە سووریا و عێراق کوشت کە بریتین لە وەزیری جەنگی داعش، ئەبو عومەر چیچانی و عەبدولرەحمان مستەفا ئەلقادولی.

کۆڵۆنێڵ ستیڤ وارن لەبارەی خەلیفەکەی داعشەوە گوتیشی: "نازانم دادپەروەرییەکە بە چ شێوازێک دەبێ بە مووشيکی هێڵ فایەر یاخود بەندیخانەیەکی تاریک لە شوێنێک، بەڵام هەر رۆژێک دێ ئەو بە چارەنووسی دادپەروەرانەی خۆی بگات".

پێشتریش وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا "بە پلان" فەرماندەکانی داعش دەکوژن.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف