سبەی یۆنان یەکەم کاروانی کۆچبەران دەگەڕێنێتەوە
بڕیارە دەست بە گەڕاندنەوەی 750 کۆچبەر بکات بۆ تورکیا

K24-هەولێر
بڕیارە یۆنان سبەی دووشەممە دەست بە گەڕاندنەوەی 750 کۆچبەر بکات بۆ تورکیا بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا مانگی رابردوو واژۆیان کرد بۆ رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنقەرە سەرقاڵە بە ئامادەکردنی دوو کەمپ بۆ تۆمارکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوورگەکانی یۆنانەوە بۆ تورکیا دەگەڕێندرێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە دوورگەی لیسبۆسی یۆنانەوە بۆ بەندەری دیکیلی تورکیا دەستپێبکات.
گوتەبێژی یەکەی رێکخستنی کۆچبەران لە یۆنان، یۆرگۆس کیرتسیس رایگەیاند: "وا ئامادەکاریی دەکرێت" و گوتی: ئاژانسی فرۆنتکسی ئەوروپا دوو بەلەمی تورکیی بەکرێ گرتووە بۆ پرۆسەکە و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ کاروانی کۆچبەراندا دەرۆن.
هاوکات کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی پەنابەران و چەند رێکخراوێکی نا حکوومیی نیگەرانن لەوەی کەمپەکانی تۆمارکردنی کۆچبەران لە یۆنان ببنە سەنتەر دەستبەسەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و سامانێک خەرج دەکەن بۆ گەیشتن بۆ ئەوروپا کەچی لە کۆتاییدا بۆ تورکیا دەیانگەڕێننەوە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە حکوومەتی یۆنان رایگەیاند کە: نزیکەی 400 پۆلیسی سەر بە ئاژانسی فرۆنتکس کۆتایی ئەم هەفتە دەگەنە یۆنان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە بڕیارە تورکیا سبەی دووشەممە دەست بە ناردنی کۆمەڵێک کۆچبەری دیاریکراو بکات بۆ ئەڵمانیا.
بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە، هاوکات بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەر کۆچبەرێکی سووریا لە یۆنانەوە تورکیا کۆچبەرێکی سووریی رەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەو مەرجەی ژمارەی تێکراوی ئەو کۆچبەرانە لە 72 هەزار کۆچبەر تێنەپەڕێ.
ئەمە لە کاتێکدایە بە درێژایی ساڵی 2015 کۆچبەران بە لێشاو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکرد بە تایبەت ئەڵمانیا کە لە ساڵی 2015 بە تەنیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری لەخۆگرت.
سەرچاوە: AFP، رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف