تورکیا رەتیدەکاتەوە کۆچبەرانی سووریای ناچار کردبێ بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردن دەڵێ تورکیا ئەم کارەی کردووە
K24-هەولێر
تورکیا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردن ئاراستەی کردن لەبارەی ئەوەی گوایە ئەنقەرە کۆچبەرانی سووریا ناچار دەکات بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "ئەم تۆمەتانە بە هیچ شێوەیەک راست نین و بەداخین هەواڵی لەم جۆرە لە دەزگاکانی راگەیاندن بەم چڕییە بڵاودەکرێنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردن هەینیی رابردوو رایگەیاند کە: تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی نزیکەی 100 کۆچبەری سووریای لە یەک رۆژدا ناچار کردووە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان کە بە دەستی ململانێوە دەناڵێنێ.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردن گوتیشی: ئەم بە زۆر ناردنەوە ئاماژەن بۆ "گرفتی ترسناک" لە نێو رێککەوتنەکەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا کە هەوڵی سنووردارکردنی چوونی کۆچبەران دەدات بۆ ئەوروپا.
بڕیارە یۆنان سبەی دووشەممە دەست بە گەڕاندنەوەی 750 کۆچبەر بکات بۆ تورکیا بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا مانگی رابردوو واژۆیان کرد بۆ رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە، هاوکات بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەر کۆچبەرێکی سووریا لە یۆنانەوە تورکیا کۆچبەرێکی سووریی رەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەو مەرجەی ژمارەی تێکراوی ئەو کۆچبەرانە لە 72 هەزار کۆچبەر تێنەپەڕێ.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە بڕیارە تورکیا سبەی دووشەممە دەست بە ناردنی کۆمەڵێک کۆچبەری دیاریکراو بکات بۆ ئەڵمانیا.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی لێبوردن دەشڵێ بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاشکرامان کردوون تورکیا وڵاتێکی پڕ ئاسایش نییە بۆ ئەوەی کۆچبەرانی سووریای بۆ بگەڕێندرێنەوە.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی کرد کە هیچ "گۆڕانکارییەک" لە سیاسەتی دەرگای کراوە نەهاتووەتە ئاراوە کە تورکیا بە درێژایی ساڵانی رابردوو پەیڕەوی کردووە بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەرانی سووریا کە لە شەڕی نێو وڵاتەکەیان هەڵاتوون.
هاوکات بەپێی حکوومەتی تورکیا ئێستا ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا گەیشتووەتە "2.7 ملیۆن پەنابەر".
بە درێژایی ساڵی 2015 کۆچبەران بە لێشاو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکرد بە تایبەت ئەڵمانیا کە لە ساڵی 2015 بە تەنیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری لەخۆگرت.
ئا: ئا ، ف