سوپا لە پێشڕەویدایە و روبەرێکی زۆری لە بندەستی داعش دەرکردووە
سوپای عێراق 1500 بەندکراوی دەستی داعش رزگار کردووە
K24-هەولێر
بەپێی چەند سەرچاوەیەک سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق تا ئێستا 1500 بەندکراوی بندەستی رێکخراوی داعشیان لە شارۆچکەی هیت لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق رزگار کردووە و هێزەکانی عێراق بەشێکی شارۆچکەکەیان لە بندەستی داعش دەرکردووە.
عەقید فازڵ ئەلنمراوی کە ئەفسەرێکی سوپای عێراقە دەڵێ: "هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پێشڕەویکردنیان بۆ رزگارکردن و پاککردنەوەی هیت لە داعش بەندیخانەیەکی گەورەیان ئاشکرا کرد و بەندیخانەکە لە ژێر زەمینێکدایە و هێزە عێراقییەکان نزیکەی 1500 کەسیان لە نێو بەندیخانەکە رزگار کرد کە رێکخراوی (داعش) دەستگیریانی کردبوو".
شارۆچکەی هیت کەوتووەتە باشووری شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار و بەپێی سەرچاوەکان هێزەکانی عێراق بەشێکی شارۆچکەکەیان لە بندەستی داعش دەرکردووە و ئێستا هێزەکان بەردەوامن لە راودوونانی چەکدارانی داعش.
هاوکات ماڵەڵڵا ئەلعوبەیدیی، کە بەرپرسێکی نێوخۆی ئەنبارە دەڵێ: ژمارەی بەندکراوەکان لە بەندیخانەکە 1500 کەس دەبن و زۆربەی زۆریان خەڵکی سڤیلن.
هەروەها قایمقامی شارۆچکەی هیت، موهەنەد ئەلعوبەیدیی رایگەیاند: هێزەکانی عێراق "بەندیخانەیەکی گەورەیان" لە شارۆچکەکە دۆزییەوە، بەبێ ئەوەی ژمارەی بەندکراوەکانی نێوی ئاشکرا بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە هێزەکانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2015 لە پرۆسەیەکی سەربازیدا شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد، بەڵام دەرکردنی هیت لە بندەستی داعش بە واتای کۆتاییهاتنی بوونی رێکخراوەکە نییە لە ئەنبار، چونکە تا ئێستا چەند شارێکی گرنگی رۆژئاوای عێراق لە بندەستی داعشدایە.
سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف