رووسیا ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پێشێلكردنی ئاگر بەست تۆمەتبار دەكات

"چەكدارانی ئەحرارو لشام ناوچەی حندراتیان بۆردومان كردووە و چەند ھاوڵاتیەك بوونەتە قوربانی"

K24- ھەولێر:

رووسیا ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پێشێلكردنی ئاگر بەست تۆمەتبار دەكات دەڵێت، ئۆپۆسیۆنی سووریا چەند ھاووڵاتیێكی سڤیلیان كوشتووە.

ناوەندی ھەماھەنگی رووسیا لە بنكەی سەربازی حمێمیم لە لازقیە  دەڵێت،  لە چەند رۆژی رابردوودا پێشێلكردنی بڕیاری ئاگربەستمان تۆماركردووە و  ژمارەیەك چەكداری سەربە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ھێرشیان كردووەتە سەر گەڕەكی شێخ مەقسود لە حەڵەب و شەڕڤانێكی یەپەگەیان كووشتووە و چەند ھاوڵاتیەكیشیان برینداركردووە.

 ئەو ناوەندە دەشڵێت : چەكدارانی ئەحرارو لشام ناوچەی حندراتیان بۆردومان كردووە و  چەند ھاوڵاتیەك بوونەتە قوربانی.

زۆربەی دانیشتوانی گەڕەكی شێخ مەقسود كوردن و لە 16ی ئادارەوە لەلایەن چەكدارانی ئەحرارولشامەوە بۆردومان دەكرێت.

لە27  شوباتی ئەمساڵ ئاگر بەستی لە نێوان ھێزەكانی سووریا كەوتە واری جێنەجێكردن، تەواوی ھێزەكانی سووریا دەگرێتەوە، جگە لە بەرەی نوسڕە و داعش.

ھێزەكانی ئەو وڵاتە یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە پێشێلكردنی ئاگر بەست لە سووریا.

لە ماوەی رابردوو دا ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا و روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ حكوومەتی سووریا و رووسیان تۆمەتبار دەكرد، بە پێشلكردنی ئاگر بەست.