سوپای سووریا شارێکی لە بندەستی داعش دەرکرد
تەلەفزیۆنی حکوومەتی سووریا: شاری قەرییەتەین لە پارێزگای حیمس رزگار کرا
K24-هەولێر
تەلەفزیۆنی حکوومەتی سووریا و چەند سەرچاوەیەکی دیکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایانگەیاند کە سوپای حکوومەتی سووریا شاری قەرییەتەینی لە پارێزگای حیمس لە سووریا لە بندەستی چەکدارانی داعش "رزگار کرد".
هاوکات روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە رایگەیاند: "هێزەکانی سووریا و چەکدارانی هاوپەیمانانیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە هاوکاریی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا چوونە نێو شاری قەرییەتەین کە لە بندەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی بوو".
ئەم پێشهاتە دوای چەند رۆژێک هات لە گەمارۆدانی شارەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا.
شاری قەرییەتەین نزیکەی 100 کم لە رۆژئاوای شاری تەدمورەوە دوورە کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە بندەستی چەکدارانی داعشیان دەرکرد، لە کاتێکدا شارەکە لە مانگی ئابی ساڵی 2015 کەوتووەتە بندەستی داعش.
دەزگاکانی راگەیاندن لە سووریا راشیانگەیاند کە هێزەکانی سووریا لە چەند لایەکەوە چوونەتە نێو شارەکە.
بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولرەحمان بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوت: شەڕ هێشتا بەردەوامە لە نێوان "دەوڵەتی ئیسلامیی" و هێزەکانی حکوومەت لە شارەکە و لە رووی سەربازییەوە شاری قەرییەتەین کەوتووەتە دەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریا.
بەپێی بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا ئەمڕۆ یەکشەممە 40 هێرشی ئاسمانیان لە نزیکی شاری قەرییەتەین ئەنجامداوە.
ئا: ئا ، ف