سامانە سروشتییەکان: هەناردەی نەوتی کوردستان لە مانگی ئادار کەمیکردووە
"هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک هێشتا وەستاوە"
K24-هەولێر
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە مانگی ئاداری رابردوو بۆ 327 هەزار و 371 بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکرد بەهۆی رووداوەکانی وەستانی هەناردەکردن و وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "سەرەرای دابەزینی ئاستی هەناردەکردن، بەڵام داهات زیادی کرد و گەیشتە 557.3 ملیۆن دۆلار (تەنیا لە یەک مانگدا)"، بەهۆی ئەو قەرەبووەی هەرێمی کوردستان لە تورکیا وەری گرت و (کە 200 ملیۆن دۆلار بوو وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند)".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی کرد کە: "بڕی 36 ملیۆن دۆلاری لە داهاتەکان بۆ بەرهەمهێنەرانی (نەوتی کوردستان) تەرخان کردووە و بڕی 4.35 ملیۆن دۆلاریشی داوەتە کۆمپانیای بیوتەری بەریتانیا کە ژێرخانی ئاو بوونیاد دەنێ و گرێبەستی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە".
لە ناوەڕاستی مانگی دووی ساڵی 2016وە تاوەکوو 12 مانگی سێی ئەم ساڵ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان بەهۆی تەقینەوەی بۆڕیی گواستنەوەی ئەو نەوتە، وەستابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە پێش تەقینەوەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان، هەرێم رۆژانە زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بەرندەری جەیهان دەکرد.
هاوکات کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک کە سەر بە حکوومەتی عێراق ماوەی چەند هەفتەیەکە هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی ژێر دەستی لە کەرکووک وەستاندووە، لە کاتێکدا پێش وەستاندنەکە رۆژانە نزیکەی 150 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە رێگەی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرد.
ئا: ئا ، ف