بە ڤیدیۆ.. یۆنان دەستی بە ناردنەوەی کۆچبەران کرد
دوو کەشتیی پڕ لە کۆچبەران بەرەو تورکیا بەڕێوەن
K24-هەولێر
یۆنان ئەمڕۆ دووشەممە دەستی بە گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە کرد کە لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا گەیشتوونەتە یۆنان و بڕیارە بەپێی ئەم رێککەوتنە یۆنان نزیکەی 70 هەزار کۆچبەر بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا.
بەپێی شایەدحاڵێک کە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز دواوە: دوو کەشتیی نەفەرهەڵگر کە 131 کۆچبەریان هەڵگرتووە ئەمڕۆ لە دوورگەی لیسبۆسی یۆنانەوە بەرەو بەندەری شاری دیکیلیی لە تورکیا بەڕێکەوتن.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنقەرە سەرقاڵە بە ئامادەکردنی دوو کەمپ بۆ تۆمارکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوورگەکانی یۆنانەوە بۆ تورکیا دەگەڕێندرێنەوە و چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە دوورگەی لیسبۆسی یۆنانەوە بۆ بەندەری دیکیلی تورکیا دەستپێبکات.
بەڵام کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی پەنابەران و چەند رێکخراوێکی نا حکوومیی نیگەرانن لەوەی کەمپەکانی تۆمارکردنی کۆچبەران لە یۆنان ببنە سەنتەر دەستبەسەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و سامانێک خەرج دەکەن بۆ گەیشتن بۆ ئەوروپا کەچی لە کۆتاییدا بۆ تورکیا دەیانگەڕێننەوە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە حکوومەتی یۆنان رایگەیاند کە: نزیکەی 400 پۆلیسی سەر بە ئاژانسی فرۆنتکس کۆتایی ئەم هەفتە دەگەنە یۆنان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە بڕیارە تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە ناردنی کۆمەڵێک کۆچبەری دیاریکراو بکات بۆ ئەڵمانیا.
بەپێی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا، پێویستە هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە لە دوای 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەنە یۆنان بۆ تورکیا بگەڕێندرێنەوە، هاوکات بەپێی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هەر کۆچبەرێکی سووریا لە یۆنانەوە تورکیا کۆچبەرێکی سووریی رەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بەو مەرجەی ژمارەی تێکراوی ئەو کۆچبەرانە لە 72 هەزار کۆچبەر تێنەپەڕێ.
هاوکات لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا چەند ملیارێک یۆرۆ دەداتە تورکیا لەپاڵ پێدانی چەند تایبەتمەندییەک بە هاوڵاتیانی تورک وەک رێگەدان بە هاوڵاتیانی تورکیا بۆ چوون بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڤیزە.
بە درێژایی ساڵی 2015 کۆچبەران بە لێشاو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەکرد بە تایبەت ئەڵمانیا کە لە ساڵی 2015 بە تەنیا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری لەخۆگرت.
ئا: ئا ، ف