"گەندەڵیی" دەیان سەرۆک و دەسەڵاتداری جیهان ئاشکرا کرا

143 سەرکردە و دەسەڵاتدار و کەسایەتی جیهانن

K24-هەولێر

ژمارەیەکی زۆر لە نووسراوی نهێنی ئاشکرا کراون و بەپێی ئەو نووسراوانە "گەندەڵیی" دەیان سەرۆک و دەسەڵاتداری جیهان ئاشکرا دەکات کە سامانی خۆیان شاردووەتەوە و خۆیان لە دانی باج دزیوەتەوە.

بەپێی نووسراوە ئاشکرا کراوەکان کە ژمارەیان 11 ملیۆن نووسراوی کۆمپانیای مۆساک فونسیکایە بۆ کاروباری یاسایی کە بارەگای سەرەکیی لە وڵاتی پەنەمایە و یەکێکە لە پڕ نهێنیترین کۆمپانیاکانی جیهان، 143 کەسایەتی و سەرۆکانی ئێستا و پێشووی چەند وڵاتێک تۆمەتبارن بە تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکانیان.

بەپێی نووسراوە ئاشکرا کراوەکان چەند کۆمپانیایەکی نهێنی هەن لە جیهان پەیوەندیدارن بە کەسانی نزیک لە سەرۆکی پێشووتری میسر، حوسنی موبارەک و سەرۆکی پێشووی لیبیا، موعەمەر قەزافی و سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد.

نووسراوەکان ئەوەش ئاشکرا دەکەن چۆن کۆمپانیاکە هاوکاریی مامەڵەکارانی خۆی کردووە بۆ سپیکردنەوەی پارە و دەربازبوون لە سزا و خۆدزینەوە لە دانی باج، بەپێی نووسراوەکان کۆمپانیاکە دەڵێ: بە درێژایی 40 ساڵ بە نهێنی کاری کردووە و دووچاری هیچ تۆمەتبارکردنێک نەبووەتە.

هاوکات رۆژنامەی (Süddeutsche Zeitung)ی ئەڵمانیا ژمارەیەکی ئەو دۆکیۆمێنتەرییانەی دەستکەوتووە کە یەکێتی نێودەوڵەتیی لێکۆڵەرانی رۆژنامەنووس لێیان دەکۆڵنەوە.

هاوکات بی بی سی دەڵێ لە نووسراوەکان کۆڵیومانەتەوە، بەڵام نازانین سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی نووسراوەکان کێیە.

رووسیا

نووسراوەکان تۆڕێکیان ئاشکرا کردووە گومانی لێدەکرێت کاری سپیکردنەوەی بڕی دوو ملیار دۆلاری کردبێ و تۆڕەکە لە لایەن بانکی رووسیاوە سەرپەرشتیی دەکرێت و "چەند کەسانێکی نزیک لە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتنیش تێیدا بەشدارن".

وڵاتی ئایسلاند

نووسراوەکان هاوکات ئاشکرای دەکەن سەرۆک وەزیرانی ئایسلاند، سیگمۆندۆر گۆنلاوگسۆن چەند چالاکییەکی نهێنی هەیە لەو بانکانەی کە حکوومەتی ئایسلاند هاوکارییانی کردووە و لە مایەپووچبوون پاراستیویانێتی. لە کاتێکدا پێشتر سەرۆک وەزیرانی ئایسلاند تۆمەتبار کرا بە شاردنەوەی وەبەرهێنانەکانی کە بە ملیۆنەها دۆلار مەزەندە دەکرێن.

ئەو سەرکردە و کەسایەتییانەی کە ناویان لە دۆکیۆمێنتەرییە ئاشکراوەکاندا هاتووە و گوایە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کردووە بریتین لە:

شای سعوودییە، سەلمان بن عەبدولعەزیز

جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی

سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد

سەرۆکی پێشووتری میسر، حوسنی موبارەک

سەرۆکی میرنشێنی ئیماراتی عەرەبیی، خەلیفە بن زاید

سەرۆکی پێشووی لیبیا، موعەمەر قەزافی

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ئۆکراینا، پترۆ پۆرۆشینکۆ

سەرۆک وەزیرانی ئایسلاند، سیگمۆندۆر گۆنلاوگسۆن

سەرۆکی ئەرجەنتین، ماوریسیۆ ماکری

یاریزانی تۆپی پێ و ناوداری جیهان، لیۆنێل میسی

سەرۆک وەزیرانی پێشووی جۆرجیا، بدزینا ئیڤانیشڤیڵی

سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر، حەمەد بن جابر ئالسانی

میری قەتەر، شێخ حەمەد بن خەلیفە