نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی

بەهۆی زیادبوونی ئەگەری رێکنەکەوتنی هەناردەکارانی نەوتە لەسەر جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی بەهۆی زیادبوونی ئەگەری رێکنەکەوتنی هەناردەکارانی نەوت لەسەر جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە ئامانجی کەمکردنەوەی نەوت لە بازاڕەکان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئاستی پێوەری برێنت ئەمڕۆ بە بڕی 28 سەنت دابەزی و گەیشتە 38.9 دۆلاری ئەمریکی، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکا ئەمڕۆ بە بڕی 38 سەنت دابەزی و گەیشتە 36.41 دۆلار.

هاوکات ئاژانسی هەواڵنێری میهر لە زاری وەزیری نەوتی ئێرانە، بیژەن زەنگەنە رایگەیاند: "تاران بەردەوام دەبێ لە زیاترکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت تاوەکوو ئەو کاتەی پێگەی خۆی هاوشێوەی پێش سەپاندنی سزاکان بەسەریدا لە بازاڕدا بەدەستدەهێنێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە پسپۆرانی بواری نەوت دەڵێن دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی زیادبوونی ئەگەری رێکنەکەوتنی هەناردەکارانی نەوتە لەسەر جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، کە بڕیارە لە 17 ئەم مانگە لە وڵاتی قەتەر کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 نرخی نەوت بە گشتیی لە دابەزیندایە و لەو کاتەوە تا ئێستا نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نزیکەی 65%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment