ئه‌مريكا: پێويسته ئێران سياسه‌تى خۆى بگۆڕێت
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، جۆن كيرى داواى له كۆمارى ئيسلامى ئێران كرد، هاوكارى هه‌وڵه نێودهوڵهتييهكان بكات بۆ كۆتايهێنان به شه‌ڕ له سووريا و يه‌مه‌ندا.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، جۆن كيرى داواى له كۆمارى ئيسلامى ئێران كرد، هاوكارى هه‌وڵه نێودهوڵهتييهكان بكات بۆ كۆتايهێنان به شه‌ڕ له سووريا و يه‌مه‌ندا.
جۆن كيرى له ميانى سه‌ردانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا گه‌يشته به‌حره‌ين كه له 2010وه يه‌كه‌م سهردانييهتى بۆ ئه‌و وڵاته و له‌وێ له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانى به‌حره‌ين كۆبوويه‌وه، كه له نزيكه‌وه رووبه‌ڕووى هه‌وڵه‌كانى ئێران بۆ گۆڕينى ده‌سه‌ڵاتى سياسيى له وڵاته‌كه‌ياندا بوونه‌ته‌وه.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا جۆن كيرى داواى له ده‌سه‌ڵاتدارانى سوننهمهزههبى به‌حره‌ين كرد، له مامهڵهكردنيان له‌گه‌ڵ زۆرينه‌ى دانيشتوانى شيعهمهزههبى وڵاته‌كه‌ياندا ره‌چاوى مافه‌كانى مرۆڤ بكه‌ن.
سه‌ردانى جۆن كيرى له كاتێكدايه كه ته‌نيا دوو هه‌فته‌ى ماوه سه‌رۆكى ئه‌مريكا باراك ئۆباما سه‌ردانى كه‌نداو بكات بۆ ئه‌وه‌ى له كۆبوونه‌وه‌ى وڵاتانى ئه‌نجوومه‌نى هاريكارى كه‌نداو به‌شدارى بكات و به‌يه‌كه‌وه ره‌وشى نوێى ناوچه‌كه و شه‌ڕى يه‌مه‌ن و سووريا و سياسه‌تى ئێران به‌رامبه‌ر به وڵاتانى كه‌نداو تاوتوێبكه‌ن.
جۆن كيرى ره‌خنه‌شى له سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له باره‌ى وڵاتانى كه‌نداو گرت و داوايكرد، ئێران هاوكار و پشتيوانى سه‌ركه‌وتنى هه‌وڵه‌كانى ئه‌مريكا بێت له ناوچه‌كه‌دا.
وڵاتانى كه‌نداو به تايبه‌تى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى هاريكارى كه‌نداو جگه له سه‌ڵته‌نه‌تى عومان، له ئازارى 2015ه‌وه شه‌ڕێكى به‌رفراوانيان له دژى حوسييه شيعه مه‌زهه‌به‌كانى يه‌مه‌ن ده‌ستپێكردووه و به گوێره‌ى ئامارى رهسميى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان تا ئێستا 6300 هاووڵاتى يه‌مه‌نى به هۆى ئه‌و شه‌ڕه‌وه گيانيان له‌ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌نداو يارمه‌تى گرووپ و ميليشيا چه‌كدارييه‌كانى سووريا ده‌ده‌ن به ئامانجى رووخاندنى به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته، ئه‌مه له كاتێكدايه هه‌ريه‌ك له ئێران و رووسيا پشتيوانى له مانه‌وه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن.