توركیا و ئیسرائیل نزیك بوونەتەوە لە رێككەوتنی درێژ خایەن

لەساڵی 2010 بەھۆی رووداوی کەشتییەکەی تورکیا بۆ غەزە کە سەربازی ئیسرائیلی 10 چالاکوانی تورکیای کووشت، پەیوەندییەكەیان تێکچوو

K24 – ھەولێر:

تورکیا ئاشکرای کرد پڕۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.

فەریدوون سەنیریۆئۆغلو، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: رۆژی پێنچشەممە لەگەڵ جۆزێف سیاچانۆڤەر، نوێنەری بەنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل لە لەندەن کۆبوونەتەوە تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی کە لەساڵی 2010 بەھۆی رووداوی کەشتییەکەی تورکیا بۆ غەزە کە سەربازی ئیسرائیلی 10 چالاکوانی تورکیای کووشت، پەیوەندییەكەیان تێکچوو توركیا دوای لە حكوومەتی ئیسرائیل كرد بە رەسمی داوای لێبوردن لە وڵاتەكەیان بكات.

بەگوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەندەن، ئاشکرای کرد کە ھەردوو شاندەکە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش و بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتوو کە لەماوەی نزیکدا ئەنجام دەدرێت، رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت كە رێككەوتنێكی درێژ خایەن دەبێت لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.