عەبادیی سەری سوورماوە لە سەرهەڵدانی قەیەران بەهۆی گۆڕانکارییەکانی حکوومەتەوە

هۆشداریی دەدات لە رووخاندنی ئەزموونی خۆراگریی کە لە پاش "ساڵی 2003وە" دەستیپێکردووە

K24-هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی رایگەیاند کە سەری سوورماوە لە سەرهەڵدانی قەیەران بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە حکوومەتی عێراق و هۆشداریی دەدات لە رووخاندنی ئەزموونی خۆراگریی کە لە پاش "ساڵی 2003وە" دەستیپێکردووە.

حەیدەر عەبادیی ئەمڕۆ شەممە لە وتارێکدا کە لە یادکردنەوەی (رۆژی شەهیدی عێراقیی) کە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە بەغدا رێکیخست، راشیگەیاند: "بەعس کە 35 ساڵ ململانێمان لەگەڵیدا هەبوو تواناکانی دەوڵەتی بەکارهێنا بۆ چەوساندنەوەی هاوڵاتییان و دوای رووخانی هەموو تواناکانی بەکارهێنا بۆ لاوازکردنی دەوڵەت و رووخاندنی".

حەیدەر عەبادیی گوتیشی: "بناغەی بوونی داعش پاشماوەکانی سیستمی چەوسێنەری بەعسە و ئەوان دەیانەوێ ئەزموونی بەرگریکردن و ئۆپۆزسیۆنبوون و خۆراگریی دوای رووخانی بەعس لەناوبەرن".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەشێ کرد کە: "پەرەنسیپی هاوبەشیی نەک تەنیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بگرە لەگەڵ رۆڵەکانی گەڵیشتمان بوونی هەیە و هاوبەشیی دەستگرن نییە بە پۆست و ئیمتیازاتەکان بگرە دەستبەرداربوونە لەوانە بۆ بەرژەوەندیی گەل".

عەبادیی ئەوەشی خستەڕوو کە: "پێویستە شکستەکان چاکبکەینەوە و خەیاڵی خاوە هەر کەسێک وا بزانێ کە چاکسازیی بە رێگە کلاسیکی و باوەکان دەکرێ". و گوتی: "ئەوەی پێشکەشم کرد هەموارکردن بوو نەک گۆڕانکاریی و سەرم سوورماوە لە هێرشکردنە سەر کاندیدەکان".

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوی کاندیدان بۆ کابینەی نووێیەکەی حکوومەتی عێراقی پێشکەشی پەرلەمان کرد و چاوەڕوان دەکرێ پەرلەمان ئەم هەفتە بڕیاری خۆی بدات لەبارەی پێدانی متمانە بەو کاندیدانە یاخود داوای گۆڕینیان بکات.

ئا: ئا ، ف