سەرۆکی پەرلەمان: چەند کاندیدێکی عەبادیی تێبینیان لەسەرە
"داوای پێشکەشکردنی کاندیدی دیکە دەکەین"
K24-هەولێر
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبوریی رایگەیاند چەند کاندیدێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی بۆ پۆستە وەزارییەکان لە کابینە نوێیەکەی حکوومەت تێبینیان لەسەرە و داوای پێشکەشکردنی کاندیدی دیکە دەکەین.
سەلیم جبوریی ئەمڕۆ شەممە لە وتارێکدا کە لە یادکردنەوەی (رۆژی شەهیدی عێراقیی) کە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە بەغدا رێکیخست، راشیگەیاند: "ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) لە یەکەم رۆژەوە کاری کرد بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی چاکسازیی کە گەل داوای کرد و هەنگاوەکانی هاوسەنگیی رادەگرن لەنێوان خواستی هاوڵاتییان و پێداویستییە دەستووریی و یاساییەکان و ئەم اکرە ئاسان نییە".
سەلیم جبوریی گوتیشی: "پێموایە ئەنجوومەنەکە بە رووحێکی نیشتمان پەروەرانە و بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان ئەو کارەی کردووە".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی کرد کە: "پەرلەمان چاوەڕوانە لە چەند رۆژی داهاتوودا پرسی چاکسازیی بە گۆڕانکارییەکان لە حکوومەت کە کارمان بۆ سەرخستنی کرد بەپێی چوارچێوە یاساییە روون و راشکاوەکان تەواو جێبەجێ بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوی کاندیدان بۆ کابینەی نووێیەکەی حکوومەتی عێراقی پێشکەشی پەرلەمان کرد و چاوەڕوان دەکرێ پەرلەمان ئەم هەفتە بڕیاری خۆی بدات لەبارەی پێدانی متمانە بەو کاندیدانە یاخود داوای گۆڕینیان بکات.
سەلیم جبوریی گوتیشی: "لیژنە پسپۆرەکان لە هەڵسەنگاندن بوونەتەوە و چەند تێبینییەکیان لەسە چەند کاندیدێک هەیە و دڵنیایی دا لەو کاتەی کە ماوەتەوە پێویستە پێویستە پەلە بکرێت لە پێشکەشکردنی کاندیدی نوێ بۆ گەرەنتیکردنی تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕین لە کاتی دیاریکراودا".
ئا: ئا ، ف