عەممار حەکیم: عێراق بە دەستی قەیرانی حکوومەتەوە ناڵێنێ بگرە قەیرانی ناسنامە هەیە
"پێویستە لەسەر سەرۆکی حکوومەت و تیمەکەی بزانن کە سەرکەوتنیان بەندە بە پشتبەستنیان بە پاڵپشتیی سیاسیی و جەماوەریی"

K24-هەولێر
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراق، عەممار حەکیم رایگەیاند عێراق بە دەستی قەیرانی حکوومەتەوە ناڵێنێ بگرە قەیرانی ناسنامە هەیە و هەر کاتێک لەم قەیرانە تێپەڕین هەموو ئاستەنگەکان هەرچەندە گەورە بن سنووردار دەبن.
عەممار حەکیم ئەمڕۆ شەممە لە وتارێکدا کە لە یادکردنەوەی (رۆژی شەهیدی عێراقیی) کە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە بەغدا رێکیخست، راشیگەیاند: "عێراق بە دەستی قەیرانی حکوومەتەوە ناڵێنێ بگرە قەیرانی ناسنامە هەیە و هەر کاتێک لەم قەیرانە تێپەڕین هەموو ئاستەنگەکان هەرچەندە گەورە بن سنووردار دەبن بەرامبەر ئەوانەی لەسەر نیشتما نو بۆچوون رێککەوتوون".
عەممار حەکیم گوتیشی: "پێویستە لەسەر سەرۆکی حکوومەت و تیمەکەی بزانن کە سەرکەوتنیان بەندە بە پشتبەستنیان بە پاڵپشتیی سیاسیی و جەماوەریی کە لە سەرکردەکانی وڵات بەدەستی دێنن". ئاماژەشی کرد کە: "هەلێکی گەورە ئەمڕۆ لە پێش عێراقە و بریتییە لە پاڵپشتیی نێدەوڵەتیی و ناوچەیی و پێویستە ئەم هەلە بقۆزینەوە و لە قەیرانی سیاسیی دەرباز بین".
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوی کاندیدان بۆ کابینەی نووێیەکەی حکوومەتی عێراقی پێشکەشی پەرلەمان کرد و چاوەڕوان دەکرێ پەرلەمان ئەم هەفتە بڕیاری خۆی بدات لەبارەی پێدانی متمانە بەو کاندیدانە یاخود داوای گۆڕینیان بکات.
ئا: ئا ، ف