رۆژنامەیەکی بەریتانیا: لیبیا رێگەی نوێی کۆچکردنە بەرەو ئەوروپا
K24-هەولێر
رۆژنامەی زی ئۆبزێرڤەری بەریتانیا لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵی گەیشتن دەدەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، کە ئێستا لە سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا دەستبەسەرن و دەڵێ لیبیا رێگەی نوێی کۆچکردنە بەرەو ئەوروپا.
رۆژنامەی زی ئۆبزێرڤەر لە راپۆرتەکەیدا لەبارەی دۆخی کۆچبەران کە سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردن لە لیبیا کە وڵاتێکە شەڕی نێوخۆ تەنگی پێهەڵچنیوە، دەڵێ: "لە نارەزایەتی دەربرینێکدا کە نزیکەی 200 کۆچبەری دەستبەسەر لە سەنتەرێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لە لیبیا 4 کۆچبەر لەسەر دەستی پاسەوانەکانی سەنتەرەکە کوژران و 20 دیکەش برینداربوون".
رۆژنامە بەریتانییەکە دەشڵێ: "کوژرانی ئەم کۆچبەرانە تیشک دەخاتە سەر ئەو قەیرانەی کە لە لیبیا سەریهەڵداوە بەهۆی چوونی بە لێشاوی کۆچبەران بەرەو ئەو وڵاتە دوای داخستنی رێگەی کۆچکردن بە دەریای ئیجە (لە نێوان تورکیا و یۆنان)".
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەش دەکات ئەو کۆچبەرانەی کە روو لە لییبیا دەکەن لە سووریا و عێراقەوە نەهاتوون، بگرە کۆچبەرەکان لە لیبیا هاوڵاتییانی وڵاتە ئەفریقییەکانن و لە دەستی هەژاری هەڵاتوون.
ئا: ئا ، ف