تێد كروز: پاڵپشتی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەم

"لەژێر سەرۆکایەتی مندا، ئەمریکا ھەمیشە بە پاڵشتیکاری ئیسرائیل دەمێنێتەوە"

K24-ھەولێر

تێد کروز، بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ببێتە سەرۆکی داھاتووی وڵاتەکەی، بەھەموو توانایەوە پاڵپشتیی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات.

لە گوتارێکیدا لەبەردەم ھەوادارە جووەکانی لە شاری لاس ڤێگەز ئەمریکا، تێد کروز رایگەیاند: ئەو شیاوترین بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ سەرکەوتن بەسەر ھیلاری کلینتن، بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکان و بەڵێنیشیدا ئەگەر سەربکەوێت، ئەوا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەپارێزێ و ھەوڵیش دەدات بەھێزتریان بکات.

تێد کروز ھاوكات رایگەیاند: ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل کە ئێستا لە شاری تەلئەبیبی پایتەختی ئەو وڵاتەیە، بگوازێتەوە بۆ ئۆرشەلیم "کە پایتەختی راستەقینەی دەوڵەتی ئیسرائیلە".

ھەروەھا تێد کورز رەخنەی لە دۆناڵد تڕەمپی رکابەری گرت بەوەی کە پێویستە ھەموو  بەربژێرەكان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بە بێلایەن بمێننەوە و گوتی لەژێر سەرۆکایەتی مندا، ئەمریکا ھەمیشە بە پاڵشتیکاری ئیسرائیل دەمێنێتەوە.

تێد كروز، بەربژێری كۆمارییەكانە گەر لە ھەڵبژاردنە نێوخۆییەكان بتوانێت سەركەوێت بەسەر دۆناڵد ترەمپ ئەوا دەبێتە كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.