گومانلێکراوێکی دیکەی هێرشەکانی برۆکسل دەستگیرکرا

لە وێنەکانی گومانلێکراوەکاندا بە کڵاو لەسەرەکە ناسرا بوو

K24-هەولێر

داواکاریی گشتیی بەلجیکا رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا کەسێکیان دەستگیر بە تۆمەتی تێوەگڵان لە تیرۆر کردووە و دانی بەوەدا ناوە کە (ئەو کەسەیە کە لە وێنەکانی کامیرەکانی چاودێریی فڕۆکەخانەی برۆکسل لەپاڵ دوو خۆکوژەکەی نێو فڕۆکەخانەکە دەرکەوتووە و کڵاوێکی لەسەردا بوو).

تەقینەوەکانی فڕۆکەخانە و ویستگەی میترۆی شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کە لە 22 مانگی ئاداری رابردوو روویاندا و داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانیان راگەیاند، بوونە هۆی کوژرانی 32 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵنێری رۆیتەرز گوتەبێژێکی داواکاریی گشتیی بەلجیکا راشیگەیاند: "دوای خستنەڕووی گرتە ڤیدیۆییەکان کە یەکەی بەرپرس لە لێکۆڵینەوە ئامادەی کردبوون هاوڵاتیی بەلجیکا محەممەد عبرینی دانی بەوەدا نا کە ئەو کەسەیە کەوا پۆلیس لە دوای تەقینەوەکانی فڕۆکەخانە و تۆنێلەکانی (برۆکسل) لە 22 مانگی ئادارەوە بە دوایدا دەگەڕێن".

گوتەبێژێکی داواکاریی گشتیی بەلجیکا گوتیشی: "هیچ چارەیەکی دیکەی نەبوو".

بەپێی سەرچاوە پەیوەندیدارەکان محەممەد عبرینی ئێوارەی رۆژی هەینیی رابردوو دەستگیرکرا. عبرینی تەمەنی 31 ساڵە و خاوەنی ناسنامەی بەلجیکییە و لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامیرەکانی چاودێریی لە فڕۆکەخانەی برۆکسل بە یاوەریی دوو خۆکوژەکەی نێو فڕۆکەخانەکە دەرکەوتووە.

سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف

وێنەی دوو خۆکوژەکەی فڕۆکەخانەی برۆکسل و محەممەد عبرینی