ئۆباما گەورەترین هەڵەی خۆی ئاشکرا دەکات
باراك ئۆباما گەورەترین ھەڵە و گەورەترین سەركەوتنی خۆی ئاشكرا دەكات.
K24 – ھەولێر:
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فۆکسی ئەمریكی گەورەترین ھەڵەی خۆی ئاشكرا كرد.
باراك ئۆباما، لە میانەی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "گەورەترین هەڵەی ئەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کاتێک خوێندنەوەی تەواوی نەکردبوو، بۆ قۆناغی دوای روخانی دەسەڵاتەکەی موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا".
هەر لە میانەی چاوپێکەوتنەكەدا، ئۆباما گەورەترین سەرکەوتنی خۆی باسكرد و گوتی: "هەستانەوە و چارەسەرکردنی داتەپینی گەورەی دۆخی ئابووریی، ساڵی 2008 بە گەورەترین سەرکەوتنی خۆم دەزانم و خۆشترین رۆژیشم لە کۆشکی سپی ئەو رۆژە بوو، کە کۆنگرێس پڕۆژە بڕیاری چاودێری کۆمەڵایەتی پەسند کرد".
باراك ئۆباما نزیكەی 8 ساڵە سەرۆكی ئەمریكایە، یەكەم رەش پێست بوو، بتوانێت بچێتە كۆشكی سپی و ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، تەنھا 8 مانگی ماوە لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا.