وەزارەتی ناوخۆی رووسیا: خۆکوژێک و دوو چەکدار هێرشەکەیان ئەنجامداوە
پێشتر راگەیەندرا کە سێ تەقینەوەی خۆکوژیی ناوچەیەکی رووسیایان کردووەتە ئامانج
K24-هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی رووسیا رایگەیاند سێ کەس ئەمڕۆ دووشەممە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەیەکی گوندنشین لە باشووری رووسیا و بەلانی کەم یەکێک لە هێرشکەرەکان خۆکوژ بووە و پۆلیس لە ناوچەکە خراوەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵنێری رۆیتەرز گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی رووسیا لە هەرێمی ستافرۆبۆڵ لە باشووری رووسیا نزیک سنووری نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتی جۆرجیا راشیگەیاند: "هێرشەکە کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ناوچەکە.. یەکێک لە هێرشکەرەکان خۆی تەقاندەوە و دووانی دیکەش برینداربوون".
بەپێی سەرچاوەکان زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەکی کە هێرشەکانی تێیدا ئەنجامدراوە موسڵمانن و پێشتریش توندڕەوە ئیسلامییەکان هێرشی چەکداریان کردووەتە سەر پۆلیس لە ناوچەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کاتی روودانی هێرشەکان لە ناوچەی ستافرۆبۆڵ پۆلیس و چەند ئاژانسێکی هەواڵ رایانگەیاند کە "هێرشەکان سێ خۆکوژ ئەنجامیان داوە".
بەپێی دەزگاکانی راگەیاندن بەهۆی تەقینەوەکانەوە بریندار هەن.
ئا: ئا ، ف