سەرۆك وەزیرانی یۆنان: رەفتاری پۆلیسی مەكدۆنیا بەرامبەر پەناخوازان پێچەوانەی شارستانیێتی ئەوروپایە
لە كەمپی ئیدۆمنی پەناخوازان خوازیاری كردنەوەی سنورەكان بوون و پۆلیسی مەكدۆنیا بە گازی فرمێسك رژێن و رەفتاری توند رووبەروویان بوونەوە
K24 – ھەولێر:
ئەلێكسیس سپراس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان رەفتاری توندی پۆلیسی مەكدۆنیا لەگەل پەناخوازان بە پێچەوانەی شارستانیەتی ئەوروپا دەزانێت.
ھەڵوێستی توندی پۆلیسی مەكدۆنیا لەگەڵ پەناخوازانی كەمپی ئیدۆمنی لە سنوری نێوان ئەو وڵاتە و یۆنان چەندین ھەلوێست و رەخنەی لایەنە جیاجیاكانی بەدوای خۆیدا ھێناوە، چالاكوانانی مافی مرۆڤ و كۆمسیاری باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەكارھێنانی گازی فرمێسك رژێن لەلایەن پۆلیسی مەكدۆنیایان سەرزەنشت كرد.
ئەلێكسیس سپراس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان لەگەڵ ئیدانەكردن ئەو ھەلوێستەی پۆلیسی مەكدۆنیای بە پێچەوانەی شارستانیەتی ئەوروپا دازانین و داوای لە لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان كرد لەبەرامبەر ئەو رەفتارانە ھەلوێستیان ھەبێت.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە كەمپی ئیدۆمنی پەناخوازان خوازیاری كردنەوەی سنورەكان بوون و پۆلیسی مەكدۆنیا بە گازی فرمێسك رژێن و رەفتاری توند رووبەروویان بوونەوە كە تیادا نزیكەی دووسەد و شەست كەس لەوانە كە منداڵ و ئافرەت بوون برینداربوون.