نیوزیلاندا 100 راوێژكاری دیكەی سەربازی رەوانەی عێراق دەكات
"مەشق و راھێنانی بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ ئەنجام دەدەن"
K24 - ھەولێر:
بە مەبەستی مەشق و راھێنان بە سەربازانی عێراقی لە بنکەی سەربازی تاجی لە باکووری شاری بەغدا، بڕیارە سوپای نیوزیلاندا 100راوێژکاری دیکەی سەربازی رەوانەی عێراق بكات.
لە راگەیاندراوێکدا سوپای نیوزیلاندا ئاشکرای کرد: "بڕیارە لە چەند ھەفتەی داھاتوودا 100 راوێژکاری دیکەی سەربازی رەوانەی عێراق بکرێن، بە مەبەستی ئامادەکردنی سەربازانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ".
سوپای نیوزیلاندا ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "مەشق و راھێنانەکان بریتی دەبن لە فێرکردنی سەربازانی عێراق بۆ چۆنیەتی شەڕکردنی کۆڵان بە کۆڵان و مین پوچەڵکردنەوە و ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ بریندارەکان لەکاتی شەڕدا".
لە راگەیاندراوەكەدا سوپای نیوزیلاند ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لە ماوەی رابردوودا تا ئێستا نزیكەی 4 ھەزار سەربازی عێراق لە سەردەستی راوێژکارانی ئەوان مەشق و راھێنانیان پێكراوە".
نیوزلاندا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی داعش ھاوكاری سەربازی پێشكەش بە عێڕاق كردووە، لە ماوەی رابردوودا، چەندین راوێژكاری بۆ مەشق و راھێانی سەربازی ناردوەتە عێراق.