سه‌در: نه‌فره‌ت له حكوومه‌تی پێشوو و سه‌رۆكه‌كه‌ی
سه‌در هێرش ده‌كاته سه‌ر نووری مالیكی
K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌ستنووسی چوار خاڵیدا، نه‌فره‌ت له سه‌رۆكی حكوومه‌تی پێشووی عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت: "نه‌فره‌ت له حكوومه‌تی پێشوو و ئه‌و كه‌سه‌ی ناوی له خۆی نابوو سه‌ركرده‌ی زه‌رووره‌ت".
له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، سه‌در داوای هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق، به ناوی حكوومه‌ت ته‌كنۆكرات په‌سه‌ند بكات، هاوكات داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه له سه‌رجه‌م وه‌زیرانی ئێستای حكوومه‌تی به‌غدا ده‌كات.
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، سه‌در داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات، ئه‌و پاڵپشتییه‌ی ئێستای شه‌قام و به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كان بقۆزێته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كان.
