تاقانه‌ی دۆڵی بالیسان: بێ كه‌سی ناخۆشترین هه‌سته
ساڵیادی كیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی كرایه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
له ساڵیادی كیمیابارانی دۆڵی خۆشناوەتی لە ناحیەی بالیسان و گوندی شێخ وه‌سان، وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌ڵێت، هه‌رچه‌نده قه‌یرانی دارایی دروستبووه، به‌ڵام له زووترین كاتدا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه كه تا ئێستا سوودمەند نەبوونە، هاووڵاتیانیش به چوونه سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانی ئه‌م ناوچه‌یه یادی ئه‌و رۆژه‌یان كرده‌وه كه رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئه‌نجامدا.
هاووڵاتیانی دۆڵی بالیسان شێخ وه‌سان، به‌دروشمی با یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیدانمان، ببێته هۆكاری یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی كورد، یادی ئه‌ورۆژه‌یان كرده‌وه كه رژێمی به‌عس ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌نجامدا..
له‌گه‌ڵ ئه‌م خێزانه رۆیشتن تا بچینه سه‌ر گۆڕی كه‌سوكاریان، ئه‌م كه‌سایه‌تییه ئايینییه، تاقانه‌كه‌ی دۆڵی بالیسانه، له‌نێو كه‌سوكاریدا ته‌نها خۆی ماوه‌ته‌وه، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، جار جار له‌ناخه‌وه ده‌ڵێت: "خۆزگه منیش له‌گه‌ڵ كه‌سوكارم سه‌فه‌ری یه‌كجاریم كردبایه، چونكه بێ كه‌سی ناخۆشترین هه‌سته".
وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ساڵانه له‌م یاده له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه به‌شداری ده‌كه‌ن، تا ئێستا 150 خانوو به‌فرمانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان دروستكراون، به‌رێوه‌به‌ری گشتی شه‌هیدانیش ده‌ڵێت: "له نزیكترین كاتدا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش قه‌ره‌بوو ده‌كرێرێنه‌وه كه تا ئێستا سوودمه‌ند نه‌بوونه".
له ساڵی 1987 ئه‌م ناوچه‌یه به دوو قۆناغ و به 8 فرۆكه‌وه به چه‌كی كیمیایی بۆردومان كرا، به‌م هۆیه بووه هۆی شه‌هیدبوون نزیكه‌ی 300هاوڵاتی و برینداربوونی سه‌دان كه‌س كه تاكو ئێستا ئاسه‌واریی برینه‌كانیان له‌سه‌ر جه‌سته‌یان به‌جێماوه.