قەتەر و تورکیا داوا لە تاران و واشنتن دەکەن رێکبکەون

 وەزیری دەرەوەی قەتەر و هاوتا تورکییەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیدان بە رێگەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەت جەنگی ئێران و ئازادی هاتوچۆی دەریایی تاوتوێ دەکەن. 

سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، باس لە پەیوەندییە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پاڵپشتیکردن و پەرەپێدانیان کرا. هەروەها تیشک خراوەتە سەر دواین پێشهاتە ناوچەییەکان، بەتایبەت هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هەماهەنگیی هاوبەش کە ئامانج لێیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختیکردەوە لەسەر پاڵپشتیی دەوڵەتی قەتەر بۆ سەرجەم هەوڵ و پێشنیارە دیپلۆماسییەکان کردەوە، ئامانج لێیان گەیشتنە بە چارەسەرێک کە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی دابین بکات و رێگە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت.

ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە هۆی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتەوە لە نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل لە دژی ئێران دروستبووە، گرژیی و ئاڵۆزی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک بەشێک لە وڵاتانی ناوچە بە تایبەت کەنداو، بە هۆی هێرشە مووشەکییەکانی تاران زیانی ئابووری و گیانیان پێگەیشتووە، هاوکات بە هۆی داخستنی گەرووی هورمز و ئەو دۆخە ئەمنییە ناجێگیرە هەنووکەیەی هەیە، لە لایەنی ئابووری و بازرگانییەوە زیانەکان هێندەی دیکە گەورەتر بوون و کاریگەری نەرێنی و گەورەیان لەسەر داهاتووی وڵاتانی ناوچەکە دروست کردووە.

هاوکات وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانن لەبارەی دەستپێکردنەوەی پێکدادانی سەربازی دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا، کە بڕیارە سێشەممە بەڕێوەبچێت، بەردەوامە. ئەم دۆخە گومانەکانی لەبارەی کەمبوونەوەی توانای سەربازی واشنتن و نیگەرانییەکان لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران زیاتر کردووە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر رایگەیاندبوو دانوستانەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن.