راپۆرتێک: ناتانیاهۆ دەیەوێت سیناریۆی عێراق لە ئێران دووبارە بکاتەوە
نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران بیر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکاتەوە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگریی نهێنیی رادەستی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاران بیر لە بەکارهێنانی "چەکی کیمیایی" دەکاتەوە؛ بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ناوچەکە بە گومانێکی قووڵەوە لە زانیارییەکان دەڕوانن و پێیان وایە بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات بە سیناریۆیەکی هاوشێوەی چەکی کۆمەڵکوژی عێراقی 2003، دۆناڵد ترەمپ رابکێشێتە نێو جەنگێکی گەورەی سەربازی.
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە لێدوانی چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکی و هەرێمی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە بەرپرسانی واشنتنیان راگەیاندووە کە ئێران بە خێرایی کار لەسەر پەرەپێدانی تەکنەلۆژیایەک دەکات تا بتوانێت کڵاوەی کیمیایی لەسەر مووشەکی بالیستی جێگیر بکات، یاخود لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بە قاچاخبردنەوە لە دژی ئیسرائیل و نەیارەکانی بەکاریبهێنێت.
ئەم زانیارییانەی تەلئەڤیڤ لە نێو کۆشکی سپی و ناوەندە ئەمنییەکانی ئەمریکادا جەمسەربەندی و مشتومڕی توندی دروست کردووە؛ لە کاتێکدا هەندێک لە بەرپرسان مەترسییەکە بە جددی وەردەگرن، بەشێکی زۆری بەرپرسانی دیکە بە پڕوپاگەندەی سیاسیی دەزانن کە لە لایەن حکوومەتی ناتانیاهۆوە داڕێژراوە تاوەکو ئیدارەی ترەمپ ناچار بکات هێرشی سەربازی دەست پێ بکاتەوە.
نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل هەمان زانیاریی هەواڵگریی داوەتە چەند وڵاتێکی کەنداو، بەڵام بەرپرسانی کەنداو باوەڕیان بەو تۆمەتانە نەکردووە و بە ناجددی وەسفیان کردووە؛ ئەوان پێیان وایە ناتانیاهۆ دەیەوێت بەم بانگەشانە واشنتن و هاوبەشەکانی بباتە نێو قۆناخێکی خوێناویتر لە جەنگەکە، هاوکات بۆ مانەوەی سیاسیی خۆی لە دەسەڵاتدا پێویستی بە دۆخێکی نائاسایی ئەمنییە.
بۆ زۆرێک لە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا، ئەم تۆمەتانەی ئیسرائیل ئەوەی بەبیرهێناونەتەوە، کە ساڵی 2003 بووە هۆی داگیرکردنی عێراق بە بیانووی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ، لە کاتێکدا دواتر دەرکەوت عێراق چەکی ئەتۆمی و کیمیایی پێنەبووە.
یەکێک لەو خاڵانەی گومانی لەسەر راستیی زانیارییەکانی ئیسرائیل دروست کردووە، رەفتاری ناوخۆیی سوپای ئیسرائیلە؛ بەپێی دوو بەرپرسی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل، سەرەڕای ئەنجامدانی مانۆڕی بەرفراوانی فریاگوزاری لەم هەفتەیەدا لە سەرانسەری ئیسرائیل، بەڵام هیچ ئامادەکارییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکی کیمیایی نەکراوە و تەنانەت هیچ رێنمایی و هۆشدارییەکیش لەسەر بەکارهێنانی دەمامکی دژەگاز نەدراوەتە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی.
راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی ئامادەکراوی لەبەردەستدایە بۆ لێدانی پێگە هەستیارەکانی ئێران، کە دەکرێت لە زووترین کاتدا و هەر لە رۆژی چوارشەممەوە دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بێت و دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کۆتایی بدات.
ئێستا ئەمریکا خاوەنی سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە لە ناوچەکەدا، بەڵام سەرەتای مانگی تشرینی دووەم کاتێکی زۆر سنووردارە لەبەر ئەوەی بەهۆی نەبوونی رووناکیی مانگ باشترین دەرفەتە بۆ فڕۆکە جەنگییەکان پێش ئەوەی یەکێک لە فڕۆکەهەڵگرەکان بگەڕێتەوە بنکەکەی. لە بەرامبەردا، بەشێک لە وەزیرانی ترەمپ پێداگری دەکەن کە دەبێت دەرفەت بە گەمارۆی ئابووری بدرێت و بژاردەی سەربازی دوابخرێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی هەبوونی چەکی کیمیایی رەتکردووەتەوە و ئەم بانگەشانەی بە جەنگی دەروونیی ناتانیاهۆ ناوبردووە. بەرپرسێکی پێشوو و بەرپرسێکی ئێستای ئێران بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، تاران بە هیچ جۆرێک بیری لە بەکارهێنانی چەکی نائاسایی نەکردووەتەوە، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە ئەمریکا یان ئیسرائیل پەنا بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەرن دژی خاکی ئێران.