ژنێكی توشبوو بە دوو جۆری شێرپەنجە چاك دەبێتەوە
لە باكووری كوردستان ژنێكی كورد سەرەتا بەھاوكاری دكتۆر و پاشان بەھاوكاریەكی زۆری ورەپێدانی كەسوكارەكەیەوە لە 2 جۆری نەخۆشی شێرپەنجە رزگاری دەبێت

K24 – ھەولێر:
لەئەردەمیتانی سەر بە وان لە باكووری كوردستان ژنێكی كورد سەرەتا بەھاوكاری دكتۆر و پاشان بەھاوكاریەكی زۆری ورەپێدانی كەسوكارەكەیەوە لە 2 جۆری نەخۆشی شێرپەنجە رزگاری دەبێت، ئێستا تەندروستی ئەو نەخۆشە جێگیرە و لەنێو ماڵ و لەگەڵ كەس و كارەكانیدا ژیان بەسەر دەبات.
زوبەیدە قایە، توشبووی دوو نەخۆشی شێرپەنجە دەڵێت: "ورەم باشە، تەندروستیم باشبووەتەوە، بووكەكەم ئاگای دارمە، خەسوم چاودێریم دەكات ، لەگەڵ نەوەكانمدام، ورەم پێ دەدەن، سوپاس بۆ خوا رەوشی تەندروستیم باشە، كەمێك سەخت بوو بەڵام سەر كەوتم، ورە بەرزی دوركەوتنەوە لەخەم و خەفەت بۆ من زۆر باش بوو،سوپاس بۆ خوا رزگارم بوو".
ناجی قایە، ھاوسەری زوبەیدە قایە گوتی: "مەترسی مردنیان پێداین، بەڵام تێپەڕی، ئێستازۆر خۆشحاڵە، چونكە بەھاوكاری من و منداڵەكان و دكتۆرەكان و بەگشت لایەك ھەوڵمان دا تا رەوشی ھاسەرەكەم گەیشتە ئەو ئاستە سوپاسی گشت لایەكیان دەكەم، من زۆر خەریكی بووم، بەھەر چۆنێك بێ خواردنم دەرخوارد دەدا، بەھەر جۆرێك بێ دەم خستە پێكەنینەوە، بەھەر جۆرێك بێ ورەم بەبەرزی رادەگرت، دەستم بەر نەدەدا، بۆ ئەوەی ناڕەحەت نەبێت".
دكتۆر جەنگیز دەمیر دكتۆری تایبەتی زوبەیدە دەڵێت: "چوار پێنج ساڵ بەر لە ئێستا، بەھۆی شێرپەنجەی مەمكەوە ھاتە لای ئێمە، رەوشی زۆر خراپ بوو، كز و لاواز و بێ ھێز بوو، نەشتەرگەری پێویستی بۆكرا، بەڵام دوای ماوەیەك چاودێری كردن ھەستمان كرد ئەنجامەكان وەك پێویست نین، سەرلەنوێ پشكنینی خوێنمان بۆ كرد، بینیمان توشی شێرپەنجەی خوێنی بووە، باسكردنی ئەوە بۆ نەخۆش و كەس و كاری زۆر سەختە بەڵام سوپاس بۆ خوا بۆمان باسكردن و ئەوان گوێیان بە رێنماییەكانماندا، مۆخی ئێسكمان لەبرایەكی وەرگرت و بۆمان جێگیر كرد".