وەزیری نەوتی عێراق پێشبینیی دەکات نرخی نەوت بەجارێک دابەزێ

K24-هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق، عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند شکستهێنانی کۆبوونەوەکەی دەوحە لەبارەی جێگیرکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و پێشبینیی دەکەم نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 30 دابەزێ.

عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: رێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی دەرەوی رێکخراوەکە یەکشەممەی رابردوو رێکنەکەوتن لەسەر جێگیرکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانەوە لە ئاستی مانگی یەکی ساڵی 2016 دوای ئەوەی سعوودییە سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەبێ ئێرانیش بەرهەمی خۆی جێگیر بکات و لە بەرمابەردا ئێران ئەوەی رەتکردەوە و لە کۆبوونەوەکە بەشدار نەبوو، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 41 دۆلارلە کاتێکدا پێشتر گەیشتە 44 دۆلار.

وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی: "پێشبینیی دەکەم نرخی نەوت بەردەوام بێ لە دابەزین و ئەم ساڵ نرخی بەرمێلێکی بگاتە 30 بۆ 35 دۆلار". ئاماژەی کرد: "ئەو 18 وڵاتەی کە لە دەوحە کۆبوونەوە 50% بەرهەمی نەوتیان لە جیهان کۆنتڕۆڵ کردووە کە دەگاتە نزیکەی 93 بۆ 94 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام ئەوان ئامادە نین ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکەن کە بە سزای نوێی ناودەبەن دوای ئەوەی لە سزاکانی پرسی ناووکی رزگاریان بوو".

وەزیری نەوتی عێراق باس لەوەش دەکات: "بەرهەمی نەوتی رووسیا و سعوودییە پێکەوە دەکاتە نزیکەی 25%ی بەرهەمی نەوت لە جیهان، چونکە یەکەمیان رۆژانە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێ و دووەمیشیان رۆژانە 9.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێ، بەڵام هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە شکستهێنانەکەی کۆبوونەوەی دەوحە زیانیان پێگەیشت".

ئا: ئا ، ف