لە ئامەد سەربازێك كوژرا و 29ی دیكەش برینداربوون
ھێرشكرایە سەر بنكەی سەربازی
K24 - ھەولێر
لە ئەنجامی ھێرش و تەقینەوەی شەوی رابردووی شاری ئەمەدی باكووری كوردستان سەربازێكی توركیا كوژرا و 29 پۆلیس و سەربازی دیكەش برینداربوون.
میدیاكانی توركیا ئاشكرایانكرد: "لە ھێرشێكی خۆكوژی بۆ سەر فەرمانداری ھێزی جەندرمەی ناوچەی پیرانی ئامەد سەربازێك كوژراو 26 ی دیكە برینداربوون، دوای تەقینەوەكە ھێزێكی دیكەی سوپا بەرەو شوێنی رووداوەكە دەچێت، بەڵام دەكەوێنە كەمینی ھێزێكی نەناسراو لەوێش 3 پۆلیس بریندار دەبن، لە نێو بریندارەكاندا بەرپرسی پۆلیسی ھێنێ و بەرپرسێكی دیكەی سەربازی ھەن".
درەنگانی شەوی لە رێگەی تەقینەوەی خۆكوژیەوە ھێرشكرایە سەر فەرمانداری سەربازی سوپای توركیا لە ناوچەی پیرانی شاری ئامەدی باكووری كوردستان، دواتریش لە ناوچەی ھێنێ ھێرشكرایە سەر ھێزەكانی پۆلیس، تا ئێستا ھیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی خۆی لەو ھێرشانە رانەگەیاندووە.