دەمیرتاش: پێویستە ئەمریکا دان بە ئیدارەی کوردیی لە سووریا بنێت

K24-هەولێر
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە باکووری کوردستان رایگەیاند پێویستە ئیدارەی باراك ئۆباما دان بە واقیعی رۆژئاوای کوردستاندا بنێت و وەک دەوڵەتێک مامەڵەی فهرمیی لەگەڵدا بکات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش كه ئێستا له ئهمریكایه له چاوپێکەوتنێکدا به رۆژنامەی واشنتن پۆستی رایگەیاند: "لە پێناو سەقامگیریی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێویستە ئیدارەی باراك ئۆباما دان بە واقیعی رۆژئاوای کوردستاندا بنێت و وەک دەوڵەتێک مامەڵەی فهرمیی لەگەڵدا بکات.
هاوسهرۆكی ههدهپه گوتیشی: "رۆژئاوای کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام لە ناوچەیەکی ئاگریندا". ئاماژەشی کرد: "تەنیا خاڵ کە ئەمریکا دەتوانێ وەکوو خاڵی دەستپێکی گەڕانەوەی سەقامگیریی لە سووریا بەکاری بێنێت دانپێنانە بە رۆژئاوای کوردستان".
ههر له بارهی رۆژئاوای كوردستان سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی: "ئهوان بهرگیری له یهكپارچهیی سووریا دەکەن و رێگرییش لە دروستبوونی دیکتاتۆرییەتێکی نوێ دهكهن لهو وڵاته و بڕواشیان بە سیستمێکی عەلمانیی ھەیە".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەمیرتاش دهڵێ: "ھیچ پەیوەندییەکیان بە پەکەکەوە نییە، بەڵام ئەو خەڵکەی دەنگی بە ھەدەپە داوە ژمارەیەکی زۆریان لایەنگرانی پەکەکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شارەکانی باکووری کوردستان وا لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە و بەلانی کەم دەیان کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.