بەرھەمی كشتوكاڵی خۆماڵی زیادیكردووە
عەبدولستار مەجید:
K24 - ھەولێر
وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ھەرچەندە دووساڵە ھیچ بودجەیەك بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی تەرخان نەكراوە، بەڵام بەرھەمی كشتوكاڵی خۆماڵی زیادیكردووە.
لە میانی بەشداریكردنی لە دیداری زانكۆی سەڵاحەددین عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ھەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "وەك وەزارەتی كشتوكاڵ بە بڕێكی باش بەشدارین لە داھاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە بێ بودجە و پاڵپشتی كشتوكاڵی كە دووساڵە ھیچ بودجەیەك بۆ وەزارەت تەرخان نەكراوە، بەڵام بەرھەمی كشتوكاڵی خۆماڵی زیادیكردووە".
وەزیری كشتوكاڵ روونیكردەوە: "بەھۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی بە ئەندازەیەك بەرھەمی كشتوكاڵی خۆماڵی زیادیكردووە، بە نزیكەی 10% بەشدارین لە داھاتی گشتیی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر نەوتی لەگەڵ نەبێت بەشداریمان دەبێتە نزیكەی 30% لە داھاتی گشتی".
باسی لەوەشكرد: "ئێستا ھەندێك لە بەرھەمی خۆماڵی ھەناردەی دەرەوەی وڵات دەكەین وەك پەتاتە، سێوی بەرواری باڵا، گەنم".
عەبدولستار مەجید راشیگەیاند: "ئەگەر لە لایەن دامەزراوە فەرمییەكانی ھەرێمی كوردستان پاڵپشتیمان بكرێت و لە حكوومەت بودجەمان بۆ تەرخان بكرێت دەتوانین بە بڕێكی زیاتر بەشداربین لە داھاتی ھەرێمی كوردستان".