'' مۆدریچ نیعمەتێکی گەورەیە و زیدانیش کەسێکی تایبەتە ''
K24-هەولێر
ئیملیۆ بۆتراگینۆ، بەرێوەبەری پەیوەندیەکان لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا پشتراستی دەکاتەوە، گرێبەستەکەی لوکا مۆدریچ نوێدەکرێتەوە و زینەدین زیدانی راهێنەریش لە یانەکەیان بەردەوام دەبێت.
دوای بردنەوەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئالاڤێس بەرێوەبەرەکەی شایانەکان بە رۆژنامەی وەرزشی مارکای گووت '' هەبوونی مۆدریچ بۆ ئێمە نیعمەتێکی گەورەیە و بەم زووانە گرێبەستەکەی نوێ دەکەینەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەینەوە کە باس لە جیابونەوەی ئەو یاریزانە لە یانەکەمان دەکەن، هەروەها سەبارەت بە زیدانی راهێنەریش دەمەوێت بڵێم ئەو بۆ ئێمە شتێکی تایبەتە و لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت ''.
بۆتراگینۆ سەبارەت بە گواستنەوەکانی ئەم زستانە رایگەیاند لەگەڵ راهێنەری یانەکەیان لەسەر هێڵن و هەوڵ دەدەن هەموو کەم و کوریەکان چارەسەر بکەن.