حكومەتی ھەرێم بە بڕی زیاتر لە 44 ملیار دینار دوو پڕۆژەی ستراتیژی كارەبا لە سلێمانی جێبەجێ دەكات

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی ھەرێمی كوردستان رەزامەندی داوە

كارەبای سلێمانی
كارەبای سلێمانی

K24 - سلێمانی

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رەزامەندی دا بۆ جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژی كارەبا لە سلێمانی بە ‌بڕى زیاتر له‌ 44 ملیار دینار.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاره‌باى سلێمانى رایگەیاند: "له‌ چوارچێوه‌ى گرنگیدان و جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌بڕى زیاتر له‌ 44 ملیار دینار دوو پڕۆژه‌ى ستراتیژى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌با له‌ پارێزگاى سلێمانى جێبه‌جێى ده‌كرێن".

لە راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاماژە بەوەكراوە: "به‌ نووسراوى  ژماره‌ (903) له‌ 21/1/2021 سه‌رۆكایه‌تى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى نیشاندا له‌سه‌ر خه‌رجكردنى بڕى (44.534.377.549) چل و چوار میار و پێنج سه‌د و سى و چوار ملیۆن و سێ سه‌د حه‌فتا و حه‌وت هه‌زار دینار، له‌ داهاتى گشتى كاره‌با بۆ دوو پڕۆژه‌ى ستراتیژى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌با له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى. پڕۆژه‌كانیش بریتین له‌ هێڵى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌باى ته‌وژم به‌رزى ( KVA DC T.T 132) تانجه‌رۆ- سه‌یدسادق (55) كیلۆمه‌تره‌ و سوودێكى زۆرى بۆ به‌رزكرتنه‌وه‌ى تواناى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌با بۆ ناوچه‌كانى سه‌ید سادق و هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید و پێنجوێن و كه‌مكردنه‌وه‌ى بارزۆرى سه‌ر تۆڕه‌كانى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌با".

روونكراوەتەوە: "له‌گه‌ڵ هێڵى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌باى (KVA DC T.T 132) بازیان - رانیه كه‌ درێژییه‌كه‌ى (105) كیلۆمه‌تره‌ و سودێكى زۆرى ده‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كاره‌با بۆ ناوچه‌ى پشده‌ر و بیتوێن و كه‌مكردنه‌وه‌ى بارزۆر سه‌رتۆڕه‌كانى گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى سنووره‌كه"‌‌.